یاسادانەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە داگیرکارییەکەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیایان شەرمەزارکرد بۆ ئۆکرانیا و داوایان لە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن کرد کە بە خێرایی کار بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو جەنگە کە لە ماوەی زیاتر لە 70 ساڵدا ئەمە یەکەم جەنگی گەورەیە لە ئەوروپادا ڕوودەدات.
باب منێندێز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات لە بەرەبەیانی پێنجشەممەدا ڕایگەیاند "مێژوو ئەوە دەسەلمێنێت کە بڕیارەکەی ڤلادیمێر پوتن دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵکانێکی بێشوماری ئۆکرانی بکاتە قوربانی و ڕووسەکان بەهۆی ترسیانەوە ئەمەیان کرد، ترسی ئەوەیان هەبوو کە ڕێگە بدرێت بە دەوڵەتێکی دراوسێی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری کە دوای دیموکراسی و ئازادی خۆی بکەوێت."
هەروەها وتیشی "ئەم هێرشە ناڕەوایە تیشکی خستەسەر پێویستی دەرکردنی سەرکردایەتی ئێستای کرملین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئەمڕۆ دەبێتە نوێنەرایەتی گۆڕانکاریەکی مێژوویی لە چۆنیەتی سەیرکردنی جیهان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ستەمکارەی مۆسکۆ دا."
لەوتارێکی درەنگانێکی رۆژی چوارشەممەدا پوتن بەبێ هیچ بەڵگەیەک پاساوی ئەو هێرشە ناڕەوایەی بۆ سەر دەوڵەتە سەربەخۆکەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هێنایە و ڕایگەیاند: کۆمەڵکوژی لە ئۆکرانیا بەڕێوەدەچوو و داوای "لابردنی نازیزم" ی لەو وڵاتەدا کرد، کە سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی جوولەکە سەرۆکایەتی دەکات.
سیناتۆری باڵای کۆماریی جیم ڕش لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی سینات، گوتی "بۆمبارانی ڕووسیا بۆ شارەکانی ئۆکرانیا " بە ئاشکرا بە تەواوەتی بەرپاکردنی جەنگ بوو. سەرەڕای هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی، پوتن سنوورەکانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری پێشێلکردووە".
لە سەرەتای ئەمساڵدا، منێندێز و ڕش پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشکرد کە سزای ڕووسیا دەدات بە هۆی ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیاوە.
لە کاتێکدا پوتن سەربازەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا لەم چەند هەفتەیەی دواییدا جێگیرکردبوو، یاسادانەرەکانی ئەمەریکا تێدەکۆشان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەسەر پڕۆژە یاسای سەپاندنی سزاکان. کۆماریەکان وایان پێباش بوو پێشتر ئەو سزایانە پەسەندبکرێن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی پوتن، لە کاتێکدا دیموکراتەکان میتۆدەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنیان لەلا پەسەند بوو بۆ کارکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکان بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی.
ئێستاکە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بە بەرفراوانی دەستیپێکردووە، چەندین بژاردە لەبەر دەستی یاسادانەراندایە، لەوانە 750 ملیۆن دۆلار یارمەتی بۆ ئۆکرانیا لە پڕۆژە یاسای خەرجکردنی گشتگیری ساڵی 2022 و تا 1 ملیار دۆلار بۆ یارمەتی مرۆیی.
کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆتایی ئەم هەفتەیە و تا ڕۆژی دووشەممە ناگەڕێنەوە بۆ واشنتن. بەڵام یاسادانەرەکان لە رۆژی پێنجشەممەوە لەسەر تەلەفون دەبن لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکە.
کۆمارییەکانی کۆنگرێس ڕەخنەیان لە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن گرت بەوەی کە بە هێزەوە ڕەفتارناکات بۆ بەڕەنگاربوونەوەی داگیرکارییەکانی پوتن و هۆشداری ئەوەشیاندا بەشداریکردنی لاوازی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاکامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە.
هەرچۆنێک بێت مایکڵ مەکۆڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، مایک ڕۆجەرس سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆماریە و مایک تێرنەر لە لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی هەمیشەیی نوینەران بۆ کاروباری هەواڵگری، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە و لۆمەی سەرۆکی ڕوسیا دەکەن لەسەر ئەو کردەوە شەڕانگێزیانەیان لە ئۆکرانیا.
لەو بەیاننامەیەدا نوسیویانە "هەموو دڵۆپێک خوێنی ئۆکرانیەکان و ڕووسیەکان لەم شەڕەدا لە ئەستۆی پوتن دایەو تەنها لە ئەستۆی ئەودایە." لە وەڵامدا ئێمە پابەندین بە دەرکردنی توندترین سزا و کۆنتڕۆڵی هەناردەکردن بۆ پەکخستنی توانای ڕووسیا بۆ بەرپاکردنی جەنگ و سزادانی دڕندەییەکەی و ناودێرکردنی ڕژێمەکەی پوتن وەک رژێمێکی بێزراوی نێودەوڵەتی. ئێمە ناتوانین ئەو وەڵامەی بدەینەوە کە لە ساڵی 2008 یان 2014 وەڵامان دایەوە."
یاسادانەران داوایان لە بایدن کرد کە قورسترین سزاکان بەسەر پوتن دا بسەپێنێت بەرلەوەی ئەمڕۆ گوتارەکەی پێشکەش بکات، سیناتۆری کۆماری راب پۆرتمان سەرۆکی بەشدار لە لۆبی ئۆکرانیا دا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "ئێمە دەتوانین و دەبێت سوپای ڕووسیا ئیفلیج بکەین لەڕێی بێبەشکردنیان لە کۆمەکی دارایی، ئێمە دەبێت ڕێوشێنی توند بسەپێنین بەسەر هەناردەکردن و هاوردەکردنیان دا، بەتایبەتی بۆ کەلوپەلە ئەلکترۆنییە گرنگەکانی وەک نەخشەی ئەلکترۆنی. ئەم کارە لەوانەیە ئەو ئامرازانە سنووردار بکات کە ڕووسیا پێویستی پێیەتی بۆ پیشەسازی و دووبارە بەهێزکردنەوەی سوپاکەی."
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا