Accessibility links

سزاکانی یەکێتی ئەوروپا " دڵی ئابووری ڕووسیا " دەکەنە ئامانج


ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا وتیان سزای نوێی توندی ئابووری بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سزاکانیان بەرپرسانی باڵای ڕووسیا و ئابوورییەکەی دەکەنە ئامانج.

بەپێی سزا نوێیەکان، سەرمایەکانی ڕووسیا لە 27 وڵاتەکەی یەکێتیەکە سڕ دەکرێن، ڕێگە نادرێت چیتر بانکەکانی ڕووسیا دەستیان بگات بە بازاڕی ئابووری یەکێتیەکە و " بەرژەوەندییەکانی " کرێملنیش دەکەنە ئامانج.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ وتی یەکێتیەکە کەرتەکانی بازرگانی و وزە و گواستنەوە و ئەوانی دیکەی ڕووسیا دەکاتە ئامانج، وتیشی" ئەمانە و چەند سزایەکی دیکە گەورەترین سزان کە تاوەکو ئێستا سەپێندرابن."

سەرۆک وەزیری بەلجیکا ئالیکساندەر دی کرۆ وتی " سزاکانمان زیان بە دڵی ئابووری ڕووسیا دەگەیەنن."

سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا وتی " بەتەواوەتی سەرکەوتوو نەبووین لەوەی ڕێگە نەدەین ڕووسیا ئەم هەنگاوە بگرێتەبەر، کە ئەمەش تراجیدیایە بۆ ئۆکرانیا و ئەوروپا و ڕووسیا خۆشی."

وتیشی " بڕوام وایە هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نەدات ئەمجۆرە کارانە لە ناوەڕاستی ئەوروپادا ڕووبدەن. لەبەر ئەمە پێویستە بجوڵێین."

ڕۆژی چوارشەممە یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی بەشی یەکەمی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا پەسەند کرد، بەپێی ئەو سزایانە سیاسەتمەدارانی ڕووسی دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و بازرگانیکردنی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا قەدەغەکرا.

یەکێتی ئەوروپا سزای دیکە دژی بێلاڕووس ئامادە دەکات، هێزەکانی پاسەوانانی سەر سنووری ئۆکرانیا وتیان هێزەکانی ڕووسیا بێلاڕووسیان وەکو یەکێک لە خاڵەکانی هاتنە ناوەوە بۆ ئۆکرانیا بەکارهێناوە و بێلاڕووسیش یارمەتی داون.

سەرچاوە/ رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG