Accessibility links

کەنەدا سەپاندنی بەشی یەکەمی سزاکان بەسەر ڕووسیادا ڕادەگەیەنێت


سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەشی یەکەمی سزاکان بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی مۆسکۆ بە فەڕمی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا کۆمەڵێک سزای ئابوورییان سەپاندووە بەسەر ڕووسیا، ئەمەش لەکاتێکدا نیگەرانی ئەوەن ڕووسیا دوژمنکاری زیاتر دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات. بەڵام مۆسکۆ چەند مانگێکە بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.

ترودۆ وتی حکومەتەکەی لەسەر سەرجەم کەنەدییەکانی قەدەغە دەکات مامەڵەی ئابووری لەگەڵ هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکدا بکەن.

سەرۆک وەزیری کەنەدا وتیشی سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی ڕووسیادا کە لە بەرژەوەندی ناساندنی دۆنێتسک و لوهانسک وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ دەنگیانداوە.

ئاماژەشی بەوەدا کەنەدا سزای دیکە دەسەپێنێت بەسەر بانکەکانی دوو هەرێمەکەدا و مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵیاندا قەدەغە دەکات.

هاوکات ڕەوانەکردنی هێزی زیاتری بۆ ناوچەکە پەسەند کرد.

ترودۆ وتی " ئەمڕۆ ڕەوانەکردنی 460 سەربازی هێزە چەکدارەکانی کەنەدا پەسەند دەکەم، ئەمەش ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ لاتیڤیا دەگرێتەوە، هەروەها ڕەوانەکردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەش دەگرێتەوە."

یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی کۆمەڵێک سزای بەسەر کەس و لایەنەکانی ڕووسیادا پەسەند کرد، هاوکات بەڕیتانیاش سزای بەسەر پێنج بانکی ڕووسی و سێ دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسی سەپاند کە هاوپەیمانی نزیکی سەرۆکی ڕووسیان. لەلای خۆشیەوە ئەمەریکا وەکو سەرەتایەک سەپاندنی کۆمەڵێک سزای نوێی ڕاگەیاند بەسەر ڕووسیادا، بە هەمان شێوە دوو بانکی ڕووسییان کردۆتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەڵمانیا پەسەندکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی ڕاگرت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە گازی ڕووسی بەستووە. پڕۆژەکەش ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا ڕووسیا ڕاستەوخۆ گازی سروشتی لە وڵاتەکەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا. ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیاش لەلایەن ئەوروپاوە پێشوازی لێکرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG