Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵدەوەشێنێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا هەڵوەشاندۆتەوە کە وابڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.

بلینکن نامەیەکی بۆ لاڤرۆڤ ناردووە و تیایدا پێی وتووە چیتر لەگەڵیدا کۆنابێتەوە، بلینکن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبادا لە واشنتن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی بە ڕۆژنامەنووسان وت.

بلینکن وتی ئەگەر ڕووسیا دوژمنکاری زیاتر بەرامبەر ئۆکرانیا ئەنجام بدات، ئەوا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە زیادکردنی سزاکان بۆ سەر ئەو وڵاتە.

بلینکن وتی ڕازیبووە لەگەڵ لاڤرۆڤدا کۆببێتەوە تەنها لە کاتێکدا ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیر نەکات.

وتی " ئێستا کە داگیرکردنەکە دەستی پێکردووە و ڕووسیا ڕوونی کردەوە کە دیبلۆماسیەت ڕەت دەکاتەوە، هیچ مانای تێدا نیە لەم کاتەدا بەردەوام بین لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە."

بلینکن وتی ئەگەر ئاڕاستەکەی مۆسکۆ بگۆڕێت ئەوا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە و ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ دوورخستنەوەی خراپترین سیناریۆ.

بلینکن وتی " بەڵام ڕێگە نادەین بە ڕووسیا بانگەشەی دیبلۆماسی بکات و لە هەمان کاتیشدا جوڵەکانی بەرەو ململانێ و جەنگ خێراتر بکات."

بلینکن وتیشی وتارەکەی پوتن و ڕاگەیاندنی جوڵەکانی ڕووسیا " زۆر بێزارکەر بوون " و دەریخست کە پوتن " ئۆکرانیا بە پاشکۆی ڕووسیا " دەزانێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG