Accessibility links

ئێران دەڵێت " پێشکەوتنێکی گرنگ" لە گفتوگۆکانی ناوکی ڤیەننا ئەنجام دراوە


سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە ڤیەننا ڕایگەیاند، کە وتووێژەکان لەسەر بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان "پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە."

بەجیا گەورە بەرپرسی ئاسایشی ئێران عەلی شەمخانی گوتی وتووێژەکان لەگەڵ دانوستانکارانی ئەوروپا بەردەوام بوون و بەردەوام دەبێت لە کاتێکدا دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە بەرنامەی کاردا نەبوون چونکە ئەوان نابنە سەرچاوەی "هیچ پێشکەوتنێک".

لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە لە ڤیەننا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن دەستی پێکردووە، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکان دەربارەی پێشکەوتنی ناوکی تاران، کە لەلایەن زلهێزەکانی ڕۆژئاواوە وەک ناجێگیر دەبینرێن مەگەر ڕێککەوتن بەم زووانە ئەنجام بدرێت.

لە کاتێکدا خەتیبزادە گوتی پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدیهاتووە و ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە لە قورسترین کێشەکانن."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە ڕێکەوتنێکی ئەمەریکا و ئێران لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت پاش چەند مانگێک لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەکە، کە واشنتۆن لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.

هەروەها دەقی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە ئاماژەی بە کێشەکانی دیکە کرد کە بریتی بوون لە هەڵگرتنی ئەو بەستەرە لەسەر ملیارەها دۆلار لە پارەی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور و ئازادکردنی زیندانییە ڕۆژئاواییەکان کە لە ئێران دەستگیرکراون.

ئێران ئامادەیە بەندکراوان لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ پێبکات، وەزیری دەرەوە ڕۆژی شەممە ئەوەشی گوت کە گفتوگۆکان بۆ بوژاندنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی دەتوانێت "بەزووترین کات" سەربکەوێت ئەگەر ئەمەریکا بڕیاری سیاسی پێویست بگرێتەبەر.

ڕێکەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکان، دەوڵەمەندکردنی یۆرانیۆمی ئێرانی سنووردار کرد، بەڵام ئێران هەندێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، لەو کاتەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی دووبارە سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

ئەمەریکا ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ڕاگەیاندووە. لە کاتێکدا ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانییان لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکانی ئێران هەیە و پێیان وایە ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ناوکی دەدات، هەرچەندە ئێران دەڵێت بەرنامە ناوکییەکانی تەنها بە مەبەستی ئاشتییە.

XS
SM
MD
LG