Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: ئێران دەرفەتێکی کەمی ماوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاڤ شۆڵز ڕۆژی شەممە گوتی "دەرفەتی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کەمدەبێتەوە و کاتی ڕاستیەکان هاتووە بۆ ڕێبەرانی تاران.

شۆلز لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ گوتی "لە ئێستادا دەرفەتمان هەیە بۆ گەیشتن بەڕێکەوتنێک کە ڕێگا بە لابردنی سزاکان بدات، بەڵام ئەگەر بەخێرایی سەرکەوتن بەدەست نەهێنین ئەوا مەترسی شکستهێنانی دانوستاندنەکان هەیە، ڕێبەرانی ئێران بژاردەیان لەبەردەمدایە و ئێستا کاتی ڕاستیە."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی لە هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاو هەبووە.

وتەبێژەکە بەکورتی باسی لە بارەی ڕێکەوتنی ساڵی 2015 کرد و گوتی "ئەگەر ئێران ڕژد بێت ئەوا دەتوانین و دەبێت بگەینە لێکتێگەیشتنێک دەربارەی گەڕانەوەی هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی پلانی کارکردنی هاوبەشی گشتگیر لە چەند ڕۆژێکدا.

سەرباری ئەمەش وتەبێژەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد "هەر شتێک بەدەر لەوە، دەشێ مەترسی بێت لە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوکییەکە.

شارەزایان پێیان وایە ئێران چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویست لە دروستکردنی چەکی ناوکیدا، ئەگەر چەند هەنگاوێکی ئاڵۆزی تریش لە بەردەمیدا مابێت بۆ دروستکردنی.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گوتویەتی " ئامادەیە بۆ گەڕانەوە و کەمکردنەوەی هەندێک لە سزاکانی ئەمەریکا، بەمەرجێک تاران دەستبکاتەوە بە پابەندبوونی بە رێکەوتنە ناوکییەکە."

بڕیارە ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا ووتەیەک پێشکەش بکات.

XS
SM
MD
LG