Accessibility links

ئێران داوای بڕیارێکی سیاسی ئەمەریکا دەکات لەسەر ڕێککەوتنی ناوکی


ئێران ڕۆژی چوارشەممە داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد "بەیاننامەیەکی سیاسی" دەربکات کە تیایدا بڵێت واشنتن وابەستەی شیانی ڕێککەوتنێک دەبێت لە وتووێژەکانی ڤیەننادا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سزاکانی سەر تاران سوککران لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی ئێران، بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ یەکلایەنە لە ساڵی 2018 ئەمەریکای لەو ڕێککەوتنە کشاندەوە و سزا توندەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر-عەبدوڵاهیان لە وتووێژێکیدا لەگەڵ فاینانشەڵ تایمس کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتەکەی بڵاوی کردووەتەوە داوا لە ئەمەریکا دەکات گرەنتی ڕێککەوتنی ناوکی بدات.

دەشڵێت " وەکو پرنسیپێک، ڕای گشتی لە ئێران ناتوانن گفتی سەرۆکی وڵات بە گرەنتی ببینن، چونکە ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە."

جەختیشیکردەوە کە داوای لە دانوستانکارانی ئێرانی کردووە پێشنیاری لایەنە ڕۆژئاواییەکان بکەن کە "لانی کەم پەرلەمانەکانیان یان سەرۆکی پەرلەمانەکانیان بە کۆنگرێسی ئەمەریکاشەوە لە شێوازێکی بەیاننامەیەکی سیاسیدا پابەندی خۆیان بە ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنن و بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە."

وتووێژەکانی ڤییەنا لە نێوان ئێران، بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕوسیا و بە ناڕاستەوخۆش ئەمەریکادا بەڕێوە دەچێت. مەبەستی ئەوان گەڕانەوەی ئەمەریکایە بۆ نێو ڕێککەوتنە ناوکییەکە و لادانی سزاکان لەسەر ئێڕان و مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ئێران بە تەواوەتی پابەندی بەدەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.

ئەمیر-عەبدوڵاهیان گوتی " وابەستەیی ئێران وەک هاوکێشەیەکی بیرکاری ڕوونە." گوتیشی لە ڕێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە "بەتەواوی ئاشکرایە کە ئێمە دەبێت چی بکەین و چۆن ئەو ڕێوشوێنانە پشتڕاست دەکرێنەوە". گوتیشی بەڵام " نیگەرانی ئێمە لەسەر ابەتی گەرەتییە لەلایەن ئەمەریکاوە، ئێمە لەم کاتەدا ڕووبەڕووی کێشەیەک بوینەتەوە ئەوەیش ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر ڕژدی نیشان نادات."

گفتوگۆکان لەپایتەختی نەمسا لە کۆتایی مانگی یازدەی ڕابردوو دەستیان پێکردەوە دوای پاش ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی ئیبرهیمی ڕەئیسی سەرۆکی ئێران لە مانگی شەشەوە ڕاگیرابوو.

ئەمەریکا ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ڕاگەیاند، بەڵام تاران مەرجی پێشوەختەی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو وتووێژانە. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت " ئامادەنین بچینە پرۆسەی وتووێژی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریکا ئەگەر بەڵێنێکی ڕوون لەلایەن بەرامبەر بەدی نەکەین بۆ ڕیککەوتنێکی باش و گونجاو ."

ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانییان لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکانی ئێران هەیە و پێیان وایە ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ناوکی دەدات، هەرچەندە ئێران دەڵێت بەرنامە ناوکییەکانی تەنها بە مەبەستی ئاشتییە.

XS
SM
MD
LG