Accessibility links

 ئەمەریکا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات خوازیاری ئازادکردنی ئەو کەسانە بن کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکراون


ئانتنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا، داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات لە هەوڵێکی یەکگرتوودا خوازیاری ئازادکردنی ئەو کەسانەبن کە لەلایەن ژمارەیەک لە وڵاتانەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەرکراون.

بلینکن ڕۆژی سێشەممە گوتی بەیاننامەیەکدا گوتی "ساڵێک پێش ئێستا ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە پەیامێکی ڕووندا ڕایانگەیاند کە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی جێگای قەبووڵکردن نییە و ئەو حکومەتانەی کە ئەو کارانە دەکەن پێویستە دەستبەجێ ئەو جۆرە کارانە بوەستێنن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "ئێمە ستایشی وڵاتی کەنەدا دەکەین بۆ دەستپێشخەرییەکانی لە دژی زیندانیکردنی ئەو کەسانەی کە لە لایەن هەندێ لە وڵاتانەوە لە پێناوی باڵادەستی دیپلۆماسیدا دەستبەسەردەکرێن."

بلینکن گوتیشی " لە ئێستادا 68 وڵات ستایشی ئەو بەیاننامەیان کردووە دژی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و داوا لە وڵاتانی تر دەکەین پشتگیری ئەو بەیاننامەیە بکەن کە سەرچاوەکەی سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤەوە."

کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕوسیا، چین و ڤەنزوێلا لەو وڵاتانەن کە هاوڵاتیانی بیانی دەستگیر دەکەن و وەک بارمتە لە دانوستانە سیاسییەکاندا بەکاریان دەهێنن.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران دەیان کەسیان دەستگیرکردووە لەوانەی کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن، هەروەها خەڵکی بیانیش و بە گشتی ئەو کەسانەی بە تاوانەکانی سیخوڕیکردن و تاوانەکانی پەیوەندییدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە زیندانی کردوون.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە خەڵک دەستگیر دەکات لە پێناوی باڵادەستی دیپلۆماسیدا لە کاتێکدا کە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لە مێژە داوا لە تاران دەکەن ئەو هاوڵاتیانە ئازاد بکات کە لەسەر دۆسیەی سیاسی دەستگیری کردوون.

ئێران نکوڵی دەکات لەوەی کە هیچ کەسێکی بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کردبێت.

XS
SM
MD
LG