ئێران و ئەمەریکا لە ڤیەنا دەستیان بە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانیان کردەوە بە مەبەستی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان زلهێزانی جیهان و ئێران کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 تاکلایەنە ئەمەریکای لێی کشاندەوە.
لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وتووێژەکان بەم جۆرە خەریکە دەچنە " کۆتا قۆناغەوە"، بەڵام کاربەدەستانی ئێرانی دەڵێن بەشێک لە داواکارییەکانیان لەسەر لابردنی سزاکان تا ئێستا لە گفتوگۆکانی ڤیەنا چارەسەر نەکراون.
لەلایەکی ترەوە هەر ڕۆژی سێشەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ تۆمەتبار دەکات بە زیانگەیاندن بە ناوبانگی سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران IRNA ڕۆژی سێشەممە ئەم ڕەخنە ڕاستەوخۆ دەگمەنەی لە زاری خامەنەئییەوە بڵاوکردووەتەوە.
خامەنەئی بەبێ ئەوەی وردەکاری بدات دەڵێت " ئەمڕۆ ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەک لێیان دەدرێت کە پێشتر بیریان لێنەکردووەتەوە ئەوەیش لە سەرۆکەکانی خۆیانەوەیە. واتا سەرۆکی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا بە کردەوەکانیان دەستیان خستووەتە نێودەستی یەک تا ئەو ئابڕوویەی کە ئەمەریکا ماویەتی پێکەوە بیبەن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە هەنگاوێکی تەکنیکی پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015، سزاکانی سەر بەرنامە ناوەکییە مەدەنییەکەی ئێران لادەبات.
لابردنی ئەم سزایانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ وڵاتان و کۆمپانیاکان تا بەشداری بکەن لە بەرنامەی ناوکی سڤیلی ئێران بەبێ ئەوەی سزای ئەمەریکا بیانگرێتەوە، لەژێرناوی بەرەوپێشبردنی سەلامەتی و بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوکی.
بەرنامەی ناوکی سڤیلی ئێران بریتییە لە زیادکردنی عەمبارکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە، گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.