Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت ژمارەیەک هاووڵاتی بەریتانی لە ئەفغانستان دەستگیرکراون


حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ژمارەیەک هاووڵاتی بەریتانی لە ئەفغانستان دەستگیرکراون و دەشڵێت ئەم بابەتەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە وڵاتەکدا تاوتوێ کردووە.

لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە تاڵیبان دوو ڕۆژنامەنووسی بیانی ئازاد کرد، کە یەکێکیان پەیامنێری پێشووی کەنالی بی بی سی بوو.

وەزارەتەکە بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات دەڵێت " ئێمە پشتیوانی خێزانەکانی ژمارەیەک پیاوی بەریتانی دەکەین کە لە ئەفغانستان دەستگیرکراوە."

هەروەها دەشڵێت "بەرپرسانی بەریتانیا تاوتوێی ئەم بابەتەیان لە هەموو دەرفەتێکدا لەگەڵ تالیباندا کردووە، تەنانەت لە کاتێکیشدا شاندێکیان لەم هەفتەیە چوون بۆ کابوڵ."

شانێکی بەریتانی بە سەرۆکایەتی هۆگۆ شۆرتەر، سەرۆکی ئەرکی بەریتانای بۆ ئەفغانستان کە بنکەی لە قەتەرە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە چوو بۆ کابوڵ بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان.

شۆرتەر گوتی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا تاوتوێی قەیرانی مرۆیی ئەفغانستان و هەروەها سەرپێچیەکانی مافەکانی مرۆڤیشی کردووە.

ڕۆژی هەینی میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند بەلایەنی کەم شەش هاووڵاتی بەریتانی لە ئەفغانستان دەستگیرکراون، لەوانەدا ئێندرۆ نۆرتی پەیامنێری کەناڵی بی بی سی، کە پاشان ئازادکرا.

بەرپرسانی تاڵیبان وەڵامی پرسیاری ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسیان لەم بارەیەوە نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG