Accessibility links

تاڵیبان دوو ڕۆژنامەوانی بیانی و هاوکارە ئەفغانییەکانیان دەستگیر دەکات


بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دوو ڕۆژنامەوانی بیانی و هاوکارە ئەفغانییەکانیان بە هۆکارێکی نادیار دەستگیرکردووە.

کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە بەیاننامەیەکی کورتدا دەستگیرکردنەکە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت ئەو ڕۆژنامەوانانە بۆ ئاژانسێکی مرۆیی کاریان کردووە. نە ناسنامەی ڕۆژنامەوانەکان و نە هۆکاری دەستگیرکردنەکە ڕانەگەیەندراوە.

ڕۆژی هەینی UNHCR لە تویتێکدا ڕایگەیاند " دوو ڕۆژنامەوان کە لە ئەرکی UNHCRدابوون لەگەڵ ئەو ئەفغانیانەی کاریان لەگەڵدا دەکردن لە کابوڵ دەستگیرکراون."

هەروەها دەشڵێت " ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوانیتردا."

دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی تاڵیبان (NDS) ڕایگەیاند هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە نییە.

گوتەبێژی NDS خەلیل حەمزە ڕایگەیاند " ئیمە هیچ زانیارییەکمان لەمبارەیەوە نییە، نازانین کەی و چۆن بێسەوشوێن بوون، هێشتا نەگەیشتوین بە هیچ جۆرە زانیارییەک، بەڵام هەوڵ دەدەین زانیاریمان دەستبەکەوێت." ئەو گوتیشی دەزگاکە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا لە پەیوەندیدایە لەسەر ئەو بابەتە.

بەیاننامەکەی UNHCR چەند کاتژمێرێک پاش تویتێکی جێگری سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەمروڵا ساڵح بڵاوکرایەوە، ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت تاڵیبان 9 بیانی "ڕفاندووە" کە یەکێک لەوانە ڕۆژنامەوانی کەناڵی BBC ئاندریۆ نۆرته. کەسێکی تری بیانیشی بە ناوی پیتەر یۆڤناڵ ڕاگەیاندووە.

ساڵح لە تویتەکەیدا دەڵێت " بەهۆی نەبوونی میدیا، نەبوونی ڕاپۆرت لەلایەن هاووڵاتیانەوە و کەشێکی سەرکوتکارانەوە گەندەڵی، تاوان و دڕندایەتییەکان بەباشی ئاشکرانەبوون."

نۆرت کە لە بەغدا و بەیروتەوە ڕاپۆرتی بۆ BBC دەنارد، وەکو ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆ لە ئەفغانستان کاریکردووە و چاوی بە ڕابەرانی تاڵیبانیش کەوتووە.

XS
SM
MD
LG