Accessibility links

بەرداشی ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق


ناجێگیری بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی، بووەتە ناسنامەی عێراقی دوای ڕووخانی بەعس، ئەم ناجێگیرییە ڕۆچۆتە ناو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەوە بە کورد و شیعە و عەرەبی سوننەشەوە و لە هەندێک باریشدا کاریگەرییەکی نەرێنیشی هەبووە لەناو خودی لایەنە سیاسییەکاندا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژی دۆسێی متمانە بە یەککردنی لەناو عێراقدا بەرە کاڵبوونەوە بردووە.

ئەگەرچی هاوپەیمانێتییەکانی نێوان لایەنەکان لە دوای ساڵی دوو هەزار و سێوە زۆر بوون بەڵام وەک شیکەرەوە دەڵێن هیچ هاوپەیمانێتییەکیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی عێراق و پێداویستییەکان بۆ وڵاتەکە پێکنەهێنراون، هێندەی ئەوەی بۆ ڕاگرتنێکی کاتی کێشەکان بوون لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جەمسەرە جیاوازەکانی شیعە و سوننە لە ناوچەکەدا.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێندە ئەجێندای دەرەکی لە بەغدا زاڵە، هەندێک جار هەست دەکەی عێراق خۆی غایبە، لایەنەکانیش بڕوایان بە ئۆپۆزسیۆن بوون و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە."
لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و خاوەن زەویەکی بەپیتی کشتوکاڵیشە، کەچی دانیشتوانەکەی لەدۆخێکی ئابووری خراپدان.

بەرپرسانی عێراق بۆ هۆکاری خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک چەندین پاساوی جۆراوجۆر دەهێننەوە، وەک شەڕی تیرۆر و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەڵبەزودابەزکردنی نرخی نەوت، بەڵام خەڵکی عێراق گەندەڵی و بەفیرۆدانی سامانی گشتی لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەکان بەهۆکاری داڕمانی سەرخان و ژێرخانی وڵاتەکەیان دەزانن، هەرئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی تشرینیەکانی خوارووی عێراق، کە ڕووخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لێکەوتەوە. چاودێران نکوڵی ناکەن لەوەی دەشێت ئەوانەی ڕێبەرانی ئەو وڵاتە باسی دەکەن بەشێک بن لە هۆکارەکان، بەڵام دەشڵێن "ئەزموونی شکستخواردووی حکومەتەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەش بەشێنەی سیاسی و تایەفەگەری لە پرۆسەکانی پێکهێنانی حکومەتەکاندا و هەروەهاش نەبوونی بەرنامەڕێژییەکی تۆکمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە دارایی و سیاسییەکان".
بێ لەوانە ئاماژەش دەکەن بە ڕۆڵی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی وڵاتانی ناوچەکە لە عێراقدا و دەڵێن، عێراقێکی جێگیر و سەقامگیر ، هەرگیز لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە نییە کە دەخوازن بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەعێراق بپارێزن، نەک دڵیان لای بەرژەوەندی گشتی و خزمەتگوزاریەکانی عێراقییەکان بێت. نەبوونی سەرەوەریی یاسا بەشێکی تری گرفتی عێراقە و لەگەڵ بەهێزبوونی هێزە میلیشیاییەکاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆسێی سەروەریی یاسا لە عێراقدا بەرەو لاوازییەکی زیاتر چووە.
لە ساڵی دوو هەزار و پێنجەوە هەر هەموو حکومەتەکانی عێراق لەسەر بنچینەی بەش بەشێنەی سیاسی و تایفەیی پێکهێنراون. ئەمەش بێگومان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە هیچ حکومەتێک و تەنانەت ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەش نەتوانن هەنگاوێکی کردەیی بنێن لە پرۆسەی بونیاتنانەوەی وڵاتی عێراقدا و بەگشتیش ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی حەڤدە یان هەژدە ساڵی ڕابردوو بکرێت، زۆر بە سانایی دەبینرێت هیچ یەکێک لە کێشەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە چارەسەر نەکراون، بەڵکو هەر هەموویان پینە و پەڕۆ کراون و حکومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراقیش میراتی کێشەکانیان لە حکومەتەکانی پێش خۆیانەوە بۆ بەجێدەما و دواتریش بە کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی ترەوە دەدرانە دەست حکومەتی دوای خۆی.
سالار مەحمود پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان دەڵێت "عێراق بەبێ ڕێککەوتن و تەوافق، بەڕێوەبردنی ئاسان نییە" بەرژەوەندی پارتە دەسەڵاتدارەکان ڕێگرە لەبەردەم چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان، لەکاتێکدا دەستوەردانی پارت و دەسەڵاتدارەکان بە کرۆکی کێشەکانی عێراق دادەنرێت. محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە ئابوری و سیاسیەکان، پێشتر بەدەنگی ئەمەریکای وت” تەنها چاکسازی بنەڕەتی کێشەکان چارەسەر دەکات".
لە عێراقدا زەمینەیەک نەبوو بۆ دروستبوونی ئۆپزسیۆنێکی نیشتمانیانە کە بە بەرنامە کار بکات. لایەنە سەرەکییەکانی فەرمانڕەوای عێراق بەشێکی دانەبڕوابوون لە حکومەتەکاندا، بەڵام هەندێکیان لەناو پەرلەماندا هێندەی ئەوەی وەک ئۆپزسیۆن خۆی دەردەخست، هێندەی پێویست دەبوو نەیدەویست ببێتە داکۆکیکار لە بەرنامەکانی حکومەتەکەی خۆی. شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی وتی” هێزە سیاسیەکانی عێراق ، بڕوایان بە ئۆپۆزسیۆن بوون و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نیە."
عێراق و گۆڕانکاری ناچاریی
ئەم ڕەوشەی عێراق بێزاری و ناڕەزاییەکی زۆری لە شەقامی وڵاتەکەدا دروست کرد تا گەیشتە ئەوەی خۆپیشاندەران مەیدانە سەرەکییەکانی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بکەنە سەکۆی دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان. لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەردەوام خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین هەیە دژ بە ستەمکاری و خراپی گوزەرانەوە.
لە مانگی دەی ساڵی دووهەزار و نۆزدەدا خۆپیشاندانەکانی تشرین دەستپێدەکەن. سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و کوژران و بریندارکردنی سەدان و بگرە هەزاران خۆپیشاندەر و دەستگیرکردنی بە هەزاران کەس نەبوونە کشانەوەی خۆپیشاندەران، بەڵکو بە پێچەوانەوە، شەقامی عێراقی توانی حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی ناچار بکات دەست لە کار بکێشێتەوە و حکومەتێکی کاتی لە عێراقدا پێکبهێنرێت بەو مەرجەی کار لەسەر هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بکات و میکانیزمی نوێ بەکاربهێنرێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە، لەوانە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و هەروەهاش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش.
حکومەتەکەی موستەفا ئەلکازمی، دەستبەکاربوو، بەڵام بێ گرفت و تەگەرەش نەبوو. کازمی کە خاوەنی لایەنێکی بەهێز نەبوو لەناو پەرلەمانی عێراقدا، نەیتوانی هەموو ئەو پەیمانانەی بە شەقامی عێراقی دابوو بەجێیان بگەیەنێت، بەتایبەتیش دەستگیرکردن و دادگایی کردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانی تشرین.
خۆپیشاندەران بەردەوام لۆمەی میلیشیاکانی عێراقیان دەکرد بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لە ڕادەبەدەر دژ بە شەقامی عێراقی، بەڵام بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یەکێک لەو هێزە میلیشیاییانە بێنن، تەنها ئەوەندەنەبێت دەڵێن "ئەو میلیشیایانەن کە لە دەرەوەی سنورەکانی عێراقەوە بەرنامەیان بۆ دادەنرێت" ئەڵبەت ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە میلیشیا شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

دۆخی عێراق لەدوای هەڵبژاردن

لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراقدا، هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران براوە بوون، بەڵام لە دوا هەڵبژاردندا، ئەو هێزانە شکستیان هێنا، بۆیە تورکیا و وڵاتانی کەنداو تۆمەتبارکران و ئێرانیش ڕاستەوخۆ لە دوای هەڵبژاردن، دەستوەردانەکانی لەبەرژەوەندی هێزە نزیکەکان لەخۆی دەستپێکرد. ئەگەرچی هیوایەکی زۆر لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق هەڵچنرابوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن عێراقی بردە لێواری ئاڵۆزی و دۆڕانی بەشێک لە هێزە شیعەکان و بردنەوەی ڕەوتی سەدر، نێوماڵی شیعەی پەرتکرد. ئەنجامی هەڵبژاردن نێوان هێزە شیعەکانی تا ئاستی مەترسی هەڵایسانی شەڕ تێکدا، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کرد، هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش، هۆشداریاندا لە وەلانانیان.

سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دۆخی عێراق ئاڵۆزە، گەر پیاوە ژیرەکان فریای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە نەکەون." ڕەوتی سەدر کە بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دادەنرێت هەر زوو بە زوو دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن کەوتە بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و هەروەهاش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش داوای لە لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن دەکرد تا ببنە ئۆپزسیۆنێکی نیشتمانی.

بەڵام ئەو داوایانە دادی لایەنەکانی تری شیعەکانی نەدا و هەر هەموویان پێکەوە کۆبوونەوە و چوارچێوەی هەماهەنگییان پێکهێنا تا لە بەرامبەر هەوڵەکانی موقتەدا ئەلسەدردا بوەستنەوە.
لێرەدا ئێران دێتە سەر خەت و هەوڵێکی چڕ و پڕ دەدات لەگەڵ هەردوو بەرەی ماڵی شیعەدا بۆ ڕێگەگرتن لە دابەشبوونی ماڵی شیعە، تا ئێستاش پێناچێت ئەو هەوڵانە سەریانگرتبێت.
هەردوو بەرەی ماڵی شیعەی عێراق ژمارەیەک کۆبوونەوەیان کرد لە حەنانە و لە بەغداش بە مەبەستی لێکنزیک کردنەوەی دید و بۆچوونەکانی ئەم دوو بەرەیەی ناوماڵی شیعە.
عەرەبی سوننە کە عەزم و تەقەدوم نوێنەرایەتی دەکات بەر لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەکیان دروستکرد و بە یەک دەنگ چوونە ناو یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقەوە.

پێشتر موقتەدا ئەلسەدر، و موحەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و مەسعود بارزانی، ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد و پێدەچێت کۆک بووبن لەسەر پێکهێنانی ئەو حکومەتەی موقتەدا ئەلسەدر داوای دەکرد.

دواتر تەقەدوم و عەزم هاوپەیمانێتییەکیان ڕاگەیاند و ناویان لێنا سیادە، ئەوەبوو ئەم 3 لایەنە؛ سەدرییەکان و سیادە و پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایاننابوو، موحەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کرایەوە بە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرای وڵاتەکە.
جارێکی تریش لایەنە ناڕەزاکانی ناو شیعە لە دادگای باڵا تانەیاندا لەو دانیشتنەی پەرلەمان، ئەمجارەش هەوڵەکەیان بێ ئەنجام بوو و دادگا ئەو تانەیەی ڕەتکردەوە.
کوردیش بە ناتەباییەکی قوڵەوە بەشداری لەو یەکەم دانیشتنەی پەرلەماندا کرد و کاتێکیش هاتە سەر دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت وەک خۆیان دەڵێن نەیانویستووە ببنە بەشێک لە دابەشبوونی ماڵی شیعە
نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا مانەوە و لە هەر سێ دەنگدانەکەدا بەشدارییان کرد
ئەگەرچی پێشتر پارتی دەیگووت هیچ کاندیدێکی نییە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار بەڵام دواتر ناوی هوشیار زێباری ڕاگەیاند کە کاندیدە بۆ ئەو پۆستە
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش سووربوو لەسەر بەرهەم ساڵح، سەرۆکی ئێستای عێراق تا پۆستەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەربگرێتەوە.

پارتی و یەکێتی پێشتر بەپێی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان پۆستەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردبوو؛ سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی و سەرۆکی عێراقیش بۆ یەکێتی، بەڵام ئێستا زۆرێک لە ڕێبەرانی ئەو دوو زلهێزەی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی ناڕاستەوخۆ دەدەن بەوەی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە نەماوە.

هەرچۆنێک بێت ئەم دۆسێیە و چەند دۆسێیەکی تریش کەلێنی ناو ماڵی کوردی هێندەی تر گەورەتر کرد و گەیشتە ئەو ئەندازەیەی ململانێیەکی سەرسەختانە لە بەغدا دەستپێبکەنەوە لەسەر پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق.

لەگەڵ هەموو پەرەسەندنەکاندا، لەوانە ئەو تویتەکەی موقتەدا ئەلسەدر کردی و داوای لە ئەندامەکانی لایەنی ئیسڵاح کرد ئەگەر لەوبڕوایەدان کاندیدەکەی پارتی کێشەی یاسایی لەسەرە ئەوا دەنگی پێمەدەن، دواتر بڕیاری سەدر بۆ بەشدارینەکردن لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممە 7ی مانگی 2ی پەرلەماندا کە پێشتر دەستنیشان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، هەروەهاش بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ ڕاگرتنی کاتیی کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەوکاتەی بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدرێت، ئەمانە گومانێکی زۆری خستە سەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان، هەرچەندە ڕۆژی یەکشەممە بەشی کاروباری نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی عێراق، کارنامەی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت دانیشتنەکە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ (بەکاتی بەغدا) تەرخان دەبێت بۆ سوێندخواردنی یاسایی هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان و هەروەهاش هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار.
ڕۆژی سێشەممەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ جاری دووهەم، دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە، ئەوانەی خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید دەکەن، دەتوانن لە ڕۆژی چوارشەمەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، داواکاری خۆ کاندیدکردن پێشکەش بکەن.

پسپۆڕانی یاسایی بە گومانەوە لەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانن، دادوەر لەتیف شێخ مستەفا شارەزای بواری یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت "بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار نایاساییە، دەکرێت لەدادگا تانەی لێبدرێت و دوا بڕیار دادگا دەیدات."
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش گومانی لە بڕیارەکە هەیەو پێی وایە ئەو بڕیارە بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی و ڕەوتی سەدر و حەلبوسی دەرکراوە تا دەرفەتێک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بڕەخسێنێت کاندیدێکی تر پێشکەش بکات، بەڵام شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت "هۆشیار زێباری تا ئەم چرکەساتە تەنها کاندیدی پارتی یە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو تۆمەتانەشی کە ئاراستەی کراون، بێتاوانە لێیان."
لەلایەکی تریشەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراق ڕایانگەیاندووە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە شاری نەجەب لەگەڵ موقتەدا ئەلسەدر كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیان ئەنجام داوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە موقتەدا ئەلسەدر تویتێکی کردو تیایدا دەڵێت " نە ڕۆژهەڵاتی نە ڕۆژئاوایی، حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی."

XS
SM
MD
LG