Accessibility links

سیناریۆکانی دوای بڕیاڕەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ جاری دووەم، دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە، ئەوانەی خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید دەکەن، دەتوانن لە ڕۆژی چوارشەمەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، داواکاری خۆ کاندیدکردن پێشکەش بکەن.

کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ جاری دووەم لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، پێچەوانەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە و لە کاتێکیشدایە، کێشمەکێشێکی قوڵی سیاسی لەسەر ئەو پۆستە لەنێوان یەکێتی و پارتی بەتایبەتی و هێزە عێراقیەکان بەگشتی لە ئارادایە.

بەرپرسانی یەکێتی بە گومانن لەو بڕیارەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیانوایە بڕیارەکە بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و حەلبوسی دەرکراوە، تا چانسێکی تر بە پارتی بدرێت بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدێکی تر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دوای ئەوەی مافی خۆ کاندیدکردنی هۆشیار زێباری ڕاگیرا.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"هۆشیار زێباری تا ئەم چرکەساتە تەنها کاندیدی پارتی یە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو تۆمەتانەشی کە ئاراستەی کراون، بێتاوانە لێیان."

کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە کاتێکدایە، 25 کەس وەکو کاندید بۆ ئەو پۆستە خۆیان پاڵاوتبوو، دیارترینیان بەرهەم ساڵەح و هۆشیار زێباری بوون، بەڵام دواتر لەلایەن دادگاوە مافی خۆ کاندیدکردنی زێباری وەستێنرا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەرپرسانی یەکێتی پێیانوایە، کردنەوەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پێدانی چانسێکە بە پارتی دیموکرات تا کاندیدێکی تر پێشکەش بکات و سەدر و عەرەبی سونەش دەنگی پێبدەن، بەو پێ یەی سەدر تێبینی لەسەر هۆشیار زێباری هەبووە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کەداوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار واتای سووربوونی پارتیە لەسەر بردنی پۆستەکە."

سەرچاوەکە وتیشی"ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا، دانوستان لە نێوان یەکێتی و پارتی ڕووبدات و یەکێتی دەستبەرداری بەرهەم ساڵەح بێت وەکو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمەش لەپێناو ئەوەی پۆستەکەی لە دەست دەرنەچێت، بەڵام ڕوون نیە هەڵوێستی پارتی چی دەبێت."

دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی پۆستی سەرۆک کۆمار پێچەوانەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە، بەڵام بەپێی وتەی شارەزایان، دۆخی سیاسی لەعێراق زاڵترە بەسەر دۆخی یاسایی و دەستوریدا.

دادوەر لەتیف شێخ مستەفا شارەزای بواری یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار نایاساییە، دەکرێت لەدادگا تانەی لێبدرێت و دوا بڕیار دادگا دەیدات."

پارتی ڕازی نیە بە کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدا یەکێتی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی و دژی کاندیدکردنی زێباری جوڵەی یاسایی دەستپێکرد، ئەمەش وایکرد پارتی گومان دروست بکات لە هەبوونی دەست لەپشت ڕاگرتنی مافی خۆکاندیدکردنی هۆشیار زێباری لەلایەن دادگاوە.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، تەیاری سەدری و سونەکان هاوڕان لەگەڵ پارتی لەسەر سیاسی بوونی دۆسیەکانی سەر هۆشیار زێباری، وتی"ئێمە دەزانین بڕیارەگەی دادگای فیدراڵی لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ڕێزی لێدەگرین، ئەو مەسەلە یاساییە و بە یاسا چارەسەر دەکرێت، ئینجا فەرمانی وەلائی دادگای فیدرالی خۆ کاندیدکردن ڕاناگرێت، بەڵکو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕادەگرێت."

پێشتر دەنگی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕەوتی سەدر بە دەنگدان بۆ هۆشیار زێباری، ڕەنگە سەدر هەوڵی قەرەبووکردنەوەی پارتی بەشێوازێکی تر بداتەوە، کە چاودێران پێیانوایە دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پێدانی چانسێکی ترە بەپارتی تا ناوی کاندیدێکی تر پێشکەش بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:31 0:00

XS
SM
MD
LG