Accessibility links

دادوەر لەتیف شێخ مستەفا: کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرپێچی دەستوریە


پسپۆڕێکی بواری یاسایی ڕایدەگەیەنێت، گەر تا ڕۆژی 9 ی ئەم مانگە، سەرۆک کۆمار لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەڵنەبژێردرێت، عێراق دەچێتە قۆناغی سەرپێچی دەستوریەوە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە، بەپێی یاسا، سزای سەرپێچی دەستوری، سزادانی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەیەتی.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دادوەر لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی بواری یاسایی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت"گەر لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، مەسەلەکە دەبێتە سەرپێچی دەستوری، بۆیە بەپێی یاسا دەبێت لایەنی سەرپێچیکار سزا بدرێت، گەر سەرپێچیەکە ڕاست بکرێتەوە دەکرێت، بەڵام گەر ڕاست نەکرێتەوە، ئەوا سەرپێچی ماوە دەستوریەکان زەقە و چاک ناکرێتەوە."

سەبارەت بەجۆری سزادانی پەرلەمان لەسەر سەرپێچی دەستوری و هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار لەماوەی یاساییدا، داوەر لەتیف شێخ مستەفا وتی"سزادانی پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەیەتی، بەڵام لێرە ئەوە کارێکی ئاسان نیە، چونکە هەڵبژاردنی پێشوەخت قورسە و دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و تەنها دەتوانێت داوابکات، دەبێت پەرلەمان خۆی ئەو کارە بکات، بۆیە ئێمە لەبەردەم سەرپێچی دەستوریداین."

دەربارەی ئەوەی چ دەرەچەیەکی یاسایی هەیە، بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار، گەر لایەنەکان لەسەر کاندیدەکانی ئێستا ڕێکنەکەوتن، دادوەر لەتیف شێخ مستەفا وتی"تا 9 ی مانگ، گەر سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، هیچ دەرەچەیەک نیە و پێچەوانەی دەستور و یاسایە، گەر زۆر دوابکەون، دەبێت پەرلەمان سزا بدرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە و جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ دەنگدان، لەزۆر وڵات ئەمە دەبینین."

جەختیشیکردەوە"دەشێت سەرۆکایەتی پەرلەمان جارێکی تر دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار بکاتەوە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و دەشێت لەدادگا تانەی لێبدرێت، دادگا دوا بڕیار دەدات."

داوەر لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی بواری یاسا و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ڕوونیکردەوە، گەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چەند ڕۆژێک دوابکەوێت کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام گەر پەرلەمان بۆ ماوەی چەند مانگێک نەیتوانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، وتی"بەڵام لێرە واقیعە سیاسیەکە زاڵە بەسەر واقیعە یاسایی و دەستوریەکەدا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:27 0:00

XS
SM
MD
LG