لە کاتێکدا نەخۆشخانەکانی ئەمەریکا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی پەرستار بوونەتەوە، زۆربەیان هەوڵ دەدەن کارمەندی خزمەتگوزاری لە دەرەوەی ئەمەریکاوە بهێنن.
لە ئێستاشدا ڕەنگە کاتەکەی بۆ ئەو کارە گونجاوبێت. لەم ساڵدا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەرفەتی وەرگرتنی گرین کاتی ئەمەریکا بۆ خاوەن پیشە بیانییەکان لە ناویاندا پەرستارانیش زۆرە و دوو هێندەی چەند ساڵی ڕابردووە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە دەمی پەتای کۆرۆنا کاتێک کۆنسۆڵخانەکانی ئەمەریکا داخرابوون نەیانتوانیبوو بە پێی پێویست ڤیزای ئەمەریکا بدەن بە کەسوکاری هاووڵاتیە ئەمەریکاییەکان و بە پێی یاساش ئەم ڤیزانەی کە بەکارنەهاتوون ئێستا دەدرێت بەوانەی کە دەتوانن بۆ کارکردن بێن.
ئەیمی ئێرلباچەر ئاندرسن، پارێزەرێکی کۆچبەری یاسایی لە ئۆماهای ویلایەتی نێبراسکا دەڵێت لە ماوەی 18 ساڵی کارکردنیدا وەکو دوو ساڵی ڕابردوودا داواکاری زۆری پەرستاری نەبینیوە. دەشڵێت لەم ساڵدا، چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆریان وەربگیرێن.
ئەو دەڵێت " ژمارەی ڤیزاکانمان دوو هێندە بوون بەبەراورد لەگەڵ دە ساڵی ڕابردوودا. هەرچەندە ئەمە بۆ ماوەیەکی کاتییە بەڵام بارودۆخێکی کراوەی دروست کردووە."
نەخۆشخانەکانی ئەمەریکا گرفتێکی زۆریان بەهۆی کەمی پەرستارەوە بۆ دروستبووە لە کاتێکدا پەتای کۆڤید-19 بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر پەرستارەکان خانەنشین بن یان کارەکانیان بەجێبهێڵن. لە کاتێکیشدا کە پەتاکە بەردەوام لە بەرزو نزمیدایە، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیستمی تەندروستی. بە پێی ڕاپۆرتی ئەمداییانەی زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفرانسیسکۆ تەنها لە کالیفۆرنیا بۆشایی نزیکەی 400 هەزار پەرستار هەیە کە دەکاتە %14 هێزی کار.
نەخۆشخانەکان ئەم بۆشاییە بە هێنانی پەرستاری گەڕۆک لە شوێنەکانی ترەوە پڕ دەکەنەوە، بەڵام ئەمەش لە ڕووی داراییەوە زۆر دەکەوێت لەسەریان. و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانیش دەڵێن ساڵانە لە زانکۆکانی ئەمەریکا ئەوەندە پەرستار دەرناچن تا ئەو داواکارییە پڕبکاتەوە. هەندێک لە نەخۆشخانەکان لە مێژە پەرستاریان لە فلیپین و جامایکا و وڵاتانی دیکەی ئینگلیزی زمانەوە هێناوە و ئێشتا بەشێکی زیاتریش ئەو ڕێچکەیە دەگرنەبەر.
و ئەوانەشی کە پێشتر هاتوون و یان تازە دێن ئێستا هەوڵ دەدەن سود لەم دەرفەتی وەرگرتنی گرین کارتە ببێنن بەر لە کۆتایی مانگی 9.
ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە نزیکەی 140 هەزار دەرفەتی وەرگرتنی گرین کارت بۆ ئەوە خەڵکانە دەڕەخسێنێت کە دەیانەوێت بۆ کارکردن بێنە ئەم وڵاتەوە. بەشێکی زۆریشی دەدرێت بەو کەسانەی کە بە ڤیزای کاتیی کارکردن لە ئەمەریکان. لەمساڵدا 280 هەزار دەرفەتی گرین کارت هەیە و ئەوانەش کە وەریان دەگرن هیوادارن زۆربەیان پەرستاربن و بتوانن لەم دەمی پەتایەدا لە نەخۆشخانەکانی ئەمەریکادا کار بکەن.
پەرستارانی نیشمانی یەکگرتوو، کە سەندیکایەکی پەرستارانەو 175 هەزار ئەندامی هەیە دەڵێت پێویستە لێکدانەوەی زیاتر بۆ هێنانی بیانییەکان بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابین پەرستارە بیانییەکان نەهێنرێن و نا دڵنیایی لە مەرجەکانی کارکردندا دروستبێت.
میشێل ماهۆن، یاریدەدەری بەڕێوبەری ئەو سەندیکایە، دەڵێت زۆرێک لە پەرستارانی بیانی گرێبەستی چەند ساڵی لەگەڵ خاوەنکارەکان واژۆ دەکەن، کە ئەگەری ئەوە هەیە بۆیان سەخت بێت لەسەر کێشەکانی کار یان سەلامەتی نەخۆش بێنە دەنگ. ئەو گوتیشی ئەو نەخۆشخانانەی کە بینیان لە دەمی پەتاکەدا پەرستارەکان بەهۆی ناڕەزایی بوون لە شێوازی کارو سەلامەتی وازیان لە کارەکانیان هێنا ئێستا ڕوویان کردووەتە وەرگرتنی پەرستار لە دەرەوەی وڵاتەوە تا شوێنیان پڕبکەنەوە.
ماهۆن گوتیشی " لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن کێشەکە چارەسەربکەن، ئەوان دەیانەوێت بیگۆڕن ئەمەش چارەسەرییەکی ساختەیە."
هەرچەندە نەخۆشخانەکان دەڵێن لە ئەمەریکا بە پێی پێویست پەرستاری مەشقپێکراو لەبەردەست نین.
پاتی جێفری، سەرۆکی کۆمەڵەی چاودێری تەندروستی نێودەوڵەتی دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت پرۆگرامی پەروەردەی پەرستاری فراوان بکات بۆ ڕاهێنانی زیاتر بە پەرستارەکان لەناوخۆدا، هەروەها رێگە بدات پەرستارانی زیاتر لە دەرەوە بێن بەڵام ئەو دانی بەوەدا نا کە هێنانی ژمارەیەکی زۆر لە پەرستارەکان پێویستی بە یاسادانان هەیە.
جێفری گوتیشی "ڕۆژانە تەلەفۆنمان بۆ دەکرێت کە 100 پەرستار، 200 پەرستار ئەم هەموو پەرستارەمان دەوێت".
سەرباری داواکارییە زۆرەکان بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە نەخۆشخانەکان ئەوەندە ڤیزایان بۆ دابین بکرێت. گرێک سیسکایند پارێزەرێکی کاروباری کۆچبەری دەڵێت ئۆفیسەکانی کۆسۆڵخانەکانی ئەمەریکا ناتوانن هەر لەبەرئەوەی ڤیزاکە لەبەردەستە بیدەن بە خەڵکی، سنوورداربوونی سەرچاوەکان بەهۆی پەتاکەوە و کارکردن لە دوورەوەو وتووێژەکان بە ڕێگای ڤیدیۆچاتەوە دەبنە ئاستەنگ بۆ ئەو مەبەستە.
سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس