ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکای تاوانبار کرد بە زیاکردنی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی مۆسکۆ بۆ ئارامکردنەوەی ڕەوشەکەی پەیوەست بە ئۆکرانیا، ڕۆژێک دوای ئەوەی واشنتن ڕایگەیاند نزیکەی 3000 سەربازی تر ڕەوانەی پۆڵەندا و ڕۆمانیا دەکات.
ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا 115,000 سەربازی لە نزیک سنوورەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە، و ترسی هەیە بەم زووانە هێرش بکات. هەرچەندە مۆسکۆ هەر پلانێکی بۆ هێرشی لەو جۆرە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام واشنتۆن ڕۆژی چوارشەممە گوتی هێزی زیاتر ڕەوانە دەکات بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە مەر ڕوودانی هەر قەیرانێک.
دیمیتری پێسکۆف وتەبێژی کرێملین لە کۆنفرانسێکدا لەگەڵ پەیامنێران سەرکۆنەی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکای کرد.
ناوبراو، وتیشی: "ئاشکرایە کە ئەم هەنگاوانە ئەوانە نین کە ئامانج لێی خاوکردنەوەی گرژییەکان بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو کارانەن کە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان.
گوتیشی "ئێمە بەردەوام داوا لە هاوتا ئەمەریکیەکانمان دەکەین کە واز لە زیاکردنی گرژییەکانی لە سەر کیشوەری ئەوروپا بهێنین بەداخەوە ئەمەریکییەکان لەو کارە بەردەوامن."
سەرۆک ڤلادمیر پوتن ڕۆژی سێشەممە گوتی ڕۆژئاوا نیگەرانییە سەرەکیەکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی داوە بەرەو جەنگ ڕایانبکێشێت، هەرچەندە گوتی ڕووسیا هێشتا دیالۆگی گەڕەکە.
ڕۆژنامەی کۆمەرسانت ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بڕیار وایە لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەمساڵی ئاسایشی لە 18-20ی مانگی دوودا لە میونخ ئامادە نەبێت.