لە سەرو وەختی دەستپێکردنی یاری تۆپی پێی نێوان دوو تیمی ئێران و عێراق لە یاریگای ئازادی تاران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی بلیت فرۆشتن لەو وڵاتەدا لەو کاتەوە کە کراوەتەوە، ژمارەی ئەو بلیتانەی کە بۆ ژنان ماوەتەوە، بە سفر پیشانی دەدات و ڕێگە بە ژنان نادات بلیت بکڕن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران وا بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە یاری نێوان ئێران و عێراق لە یاریگای ئازادی بە ئامادەبوونی 10 هەزار بینەر ئەنجام بدرێت و 2000 ژنیشی تێدا بێت.
هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەڵێن خراپکردنی سیستەمی بلیت فرۆشیەکە بە 'ئەنقەست' بووە، هەروەها ماڵپەڕی 'دیدەبانی ئێران' بڵاویکردووەتەوە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە ڕێگای تەلەفۆنەوە چەند ژنێکی بانگهێشت کردووە، ئەو ماڵپەڕە دەڵێت ئامادەبوونی ئەو ژنانەی کە هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لە یاریگاکە ئامادەبن، تەنیا نمایشێکە و هیچی تر.
دەنگدانەوە جیهانیەکان لە دژی قەدەغەکردنی ژنانی ئێرانی بۆ چوونە ناو یاریگاکان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناچارکردووە بۆ ئەوەی لە یارییە جیهانییەکاندا بێبەش نەکرێن، ڕیگا بە ژنان بدات بە شێوەیەکی سنوردار و کۆنترۆڵکراو بچنە ناو یاریگاکانەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە بە پێی هەواڵێکی 'ڕادیو فەردا'، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی مامۆستایانی ئاینی قوم لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی داوایکردوە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ ناو یاریگاکان قەدەغە بکات و ئەو کارەیان بە "دژی بەها ئیسلامی - ئێرانییەکان" وەسف کردووە.
ڕادیۆ فەردا ڕاگەیاندوە کە لە نامەکەدا سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی مامۆستایانی ئاینیی قۆم گوتویەتی پرسی ڕێگەدان بە چوونەژوورەوەی ژنان بۆ ناو یاریگاکان بڕیارێکە کە پەراوێزی زۆر دروست دەکات و لەگەڵ هەڵوێستی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێستای ئێراندا ناگونجێت.
ئەو هەروەها گوتویەتی باسکردنی ئەو پرسە لە حکومەتی ڕەئیسیدا مایەی سەرسوڕمان بووە بۆ کۆمەڵەی ئاینی و ئینقلابی ئێران و دەشڵێت کە چونە ناو یاریگاکان بۆ ژنان لە بنەڕەتدا پێچەوانەی بەها ئیسلامییەکانی ئێرانە.
نامەکەی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی مامۆستایانی ئاینی قۆم دوای داواکاریە بەردەوامەکان و ئاگادارکردنەوەیەکی توندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی 'فیفا' وە دێت بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی جدی بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی ژنان بۆ ناو یاریگاکان.