Accessibility links

دادوەران و لێکۆڵەرە دیارەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن لێکۆڵینەوە لە کوشتارەکانی ساڵی 1988ی ئێران و ڕۆڵی ڕەئیسی بکرێت


Tehran

دادوەران و لێکۆڵەرە دیارەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە میشێل باچلە، سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لێکۆڵینەوە لە "کۆمەڵکوژی" زیندانیانی سیاسی ساڵی 1988ی ئێران بکات، لەوانەش لە ڕۆڵی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران لەو کوشنکارییەدا.

نامەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە لە لایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن نزیکەی 460 کەسەوە واژۆ کراوە، لەوانە سەرۆکی پێشووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)، سانگ هیون سۆنگ و ستیڤن ڕاپ، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ دادوەری تاوانی جیهانی.

ڕەئیسی کە لە مانگی هەشتدا دەستی بە کار کردووە، بە گوتەی ئەمەریکا و چالاکوانان، وەک یەکێک لەو چوار دادوەرەی کە دەستیان هەبووە لە کوشتنەکانی ساڵی 1988دا، ئەژمار دەکرێت و لە ئێستاشدا بەو هۆیەوە لە ژێر گەماڕۆکانی ئەمەریکادایە. ئۆفیسی ڕەئیسی له تاران لە بارەی نامەکەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

ئێران هەرگیز دانی بەوەدا نەناوە کە لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ لە ژێر سایەی ئایەتوڵا خومەینی ڕوویدا بێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت ژمارەی لە سێدارەدراوان 5000 کەسە و لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2018دا دەڵێت کە "دەکرێت ژمارە ڕاستەقینەکان زۆرتر بن."

لە نامەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بکەرانی ئەو کوشتناکارییە پارێزبەندیان هەیە، هەروەها لە نامەکەدا هاتووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێستای ئێران و غوڵام حسێن موحسینی ئێژەیی سەرۆکی دادوەریی ئێستا دوو لەو کەسانەن کە دەستیان هەبووە لەو تاوانەدا.

ڕەئیسی لە کاتی بانگەشەکانی سەرۆکایەتیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ڕۆڵی لە کوشتنەکاندا، لە مانگی شەشی ساڵی 2021 دا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەگەر دادوەرێک وەک داواکاری گشتی بەرگری لە ئاسایشی خەڵک کردووە، دەبێت ستایشی بکرێت" و گوتیشی"شانازی دەکەم کە بەرگریم لە مافەکانی مرۆڤ کردووە لە هەر پۆستێکدا کە تا ئێستا هەبووە."

نامەکە کە لەلایەن گروپی دادپەروەری بنکە لە بەریتانیا بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژی ساڵی 1988ی ئێران ڕێکخراوە، نێردرا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.

XS
SM
MD
LG