جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و جێگری سەرۆک کامڵا هێرس ڕۆژی سێشەممە لە ولایەتی جۆرجیا بوون بۆ بەهێزکردنی پڕۆژە یاسای مافی دەنگدان کە کاریگەری گەورەی فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان دەکات.
هەردوو پرۆژە یاساکە بۆ زۆربەی دیموکراتەکان کارێکی هەرە لە پێشینەیە، بەڵام لە ئەنجومەنی سینات بە هۆی بەرهەڵستکاریی کۆمارییەکانەوە چەقی بەستووە.
بە ئاماژەدان بە هێرشەکەی 6ی مانگی یەکی ساڵی 2021 لە پایتەختی ئەمەریکا کە لایەنگرانی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشوو هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس لە هەوڵێکیاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی پەسەندکردنی سەرکەوتنەکەی بایدن لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا، سەرۆکی ئەمەریکا بایدن گوتی"ئەمڕۆ هاتین بۆ ئەتلانتا،لانکەی مافە مەدەنییەکان، بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە چی لە دوای ئەو ڕۆژە ناخۆشە دێت کاتێک خەنجەرێک لە گەرووی دیموکراسی ئەمەریکادا ڕاگیرا."
بە تەنیا 50 دەنگی دیموکرات لە ئەنجومەنی سینات کە پێکهاتووە لە 100 کورسی و بەبێ ئامادەبوونی هیچ ئەندامێکی کۆمارییەکان، بایدن پشتگیری خۆی لە پشت ئەو شتەی پێی دەڵێن دواخستن یان درێژەپێدان خستەڕوو: لەپێناو یەکجار گۆڕان لە رێساکانی پەکخستندا بۆ تێپەڕاندنی دوو پڕۆژەی یاسای مافەکانی دەنگدان.
دواخستن یان درێژەپێدان نەریتێکە لە ئەنجومەنی سیناتدا کە ڕێگە بە پارتی کەمینە دەدات گفتوگۆ درێژ بکاتەوە و دوابخات یان ڕێ لە دەنگدان بگرێت. ڕێگە بە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات دەدات ئەو درێژکردنەوەیە تێپەڕێنن و دەنگ بە یاساکە بدەن بە زۆرینەیەکی سادە لەگەڵ دەنگی کاماڵا هێرس بەربەستەکە تێپەڕێنن.
بایدن وتی " ئەمڕۆ تەواو ڕوونی دەکەمەوە، لەپێناو پاراستنی دیموکراسییەکەماندا پشتیوانی لە گۆڕینی یاساکانی ئەنجومەنی سینات دەکەم، بە هەر شێوەیەک پێویست بێت بگۆڕدرێت بۆئەوەی ڕێگری لە کەمینەی ئەندامانی سینات بگیرێت کە ئاستەنگ دروستدەکەن بۆ مافی دەنگدان."
سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی سینات چەک شومەر وتی کە ئەو فشاردەکات بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕینی یاساکانی ئەنجومەنی سینات لە 17ی مانگی یەکدا، لەو ڕۆژەدا ئەمەریکاییەکان ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی یادی مارتن لوتەر کینگ جونیەرەوە کە چالاکوانێکی مافە مەدەنییەکان بوو.
سێناتۆر میچ مککانەڵ، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات رەخنەی لەو هەنگاوە گرت.
لە لێدوانەکەی رۆژی سێشەممەدا مککانەڵ وتی " سەرۆکە دیموکراتەکەی ئەنجومەنی سینات هەوڵ دەدات شەڕ بفرۆشێت بە ئەندامەکانی خۆی و قسەی خۆیان بشکێنن،سینات تێکبشکێنن و ملیۆنان هاووڵاتیبێدەنگ بکەن. بۆئەوەی حزبێکی سیاسی دیاریکراو بتوانێت دەستبگرێت بەسەرتەواوی شێوازی هەڵبژاردنی وڵاتەکەمان."
لە لێدوانێکیدا ڕۆژی سێشەممە مەکۆنێڵ ڕەخنەی لە قسەکانی بایدن گرت لەسەر مافی دەنگدان و وتی"سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کە بەڵێنی دابوو ئاستی گرژییەکان کامبکاتەوە و ئەمەریکا یەکبخات، بەڵام ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ نانەوەی ڕق و کینەی نەژادی دڕندانەی جیاکاری جیم کرۆ بۆ بێمتمانەکردنی ئەو ویلایەتانەی کە یاسای نوێی دەنگدانی ئاسانترە لە دلەوێری ویلایەتەکەی خۆیەوە."
یاساکانەی جیم کرۆ بەو یاسایانەی ئاسی ویلایەتەکان و حکومەتە خۆجێهییەکان دەگوترێت کە لە سەردەمی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی لە ئەمەریکا هانی جیاکاری لەسەر بنەمای نژادی دەدا.
کۆماریەکان بەرامبەر دیموکراتەکان لەسەر مافی دەنگدان
لە سیستەمی فیدڕاڵی ئەمەریکادا، ئەو یاسایانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە دیاری دەکرێت، چۆن، کەی، لە کوێ دەتوانن دەنگ بدەن و چۆن دەنگەکان لەسەر ئاستی ویلایەتەکان هەژماربکەن. بە گشتی، دیموکراتەکان دەیانەوێت دەنگ بۆ هەموان ئاسانتر بکەن لەبەرئەوەی گروپێکی گەورەتری دەنگدەران دەیانەوێت دەنگی زیاتری دیموکرات بەدەستبهێنن، کۆماریەکانیش دەیانەوێت پشتیوانی لە ئاستەنگی بەردەم دەنگدانی باڵا بکەن و جەخت لەسەر ناسنامەی دەنگدەران دەکەنەوە بۆ پاراستنی لە دژی ساختەکاری.
داتاکانی سەنتەری دادوەری برێنان لە کۆلێژی یاسای زانکۆی نیویۆرک دەریدەخەن کە ساڵی ڕابردوو بەلایکەمەوە ئەو 19 ولایەتەی کە کۆمارییەکان تیایاندا باڵادەستن بڕیاریان لەسەر 34 یاسا داوە سەبارەت بە پابەندبوون بە دەنگدانەوە.
ئەو پرۆژە یاسایەی کە بایدن بەرگری لێدەکات بریتییە لە یاسای ئازادی دەنگدان کە لە نێو بەندەکانی دیکەدایە و کاریگەری ئەو کۆششانە کەمدەکاتەوە کە کۆمارییەکان رێبەرایەتی دەکەن بۆ سنووردارکردنی دەنگدان و راگرتنی یاریکردن بە بازنەکانی دەنگدان، کە پرۆسەیەکە لەڕێیەوە یاسادانەرەکانی ولایەتەکە بازنەکانی دەنگدان رەنگڕێژدەکەن بە جۆرێک کە تاکە حیزبێک یان لایەنێک بە هەند وەربگیرێت. دووەمیش یاسای بەرزکردنەوەی مافەکانی دەنگدانی جۆن لویسە، کە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی هەندێک لە بەندەکانی دژە جیاکاری لە یاسای مافی دەنگدان دا کە لە بڕیاری دادگای باڵادا لە ساڵی 2013 دا لاوازکرابوو.
ئەگەرەکانی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکان روون نییە
جۆن فۆرتێیەر، ئەندامی باڵا لە پەیمانگای ئەمەریکان ئینتەرپرایس کە سەنگی خستۆتە سەر پرسی هەڵبژاردن دەڵێت "زەحمەتە بڵێین ئێمە شتەکان تێدەپەڕێنین ، با بڵێین ئێمە هەڵدەستین بە یەکخستنی بابەتەکان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کە تەنها یەک حزب پشتیوانی لێدەکات."
کۆماریەکانی کۆنگرێس یەکگرتووانە بەرهەڵەستکاری ئەو ڕێوشوێنانە دەکەن و باس لەوە دەکەن کە هەریەک لە 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا دەبێت بەردەوام بن لە دانانی یاساکانی خۆیان، لەوانە کاتژمێرەکانی دەنگدان، ژمارەی ڕۆژەکانی دەنگدانی پێشوەخت کە دەبێت پێش ڕۆژی دەنگدانی نەریتی ڕێگەی پێ بدرێت و ماوەی هەژمارکردنی دەنگەکان دیاری بکرێت.
جگە لە بونیادنانەوەکەی بە شێوەیەکی باشتر لەلایەن بایدنەوە، هێشتا پڕۆژە یاسای خەرجی کۆمەڵایەتی و رووبەڕووبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بە بەهای 2 تریلیۆن دۆلار لە ئەنجومەنی سینات گیریان خواردووە و دیموکراتەکان و کۆشکی سپیش دەڵێن تێپەڕاندنی یاسای مافی دەنگدان ئەرکی سەرەکییە.
دەیڤد شاڵز پرۆفیسۆر لە زانکۆی هامڵین کە تایبەتمەندە لە یاساکانی هەڵبژاردن دا دەڵێت "لە ئێستادا دیموکراتەکان زۆر نیگەرانن لەوەی کە چی ڕوودەدات بەبێ بە نیشتیمانیکردنی کێشەکانی مافی دەنگدان، من پێموایە ئەوان وای دەبینن کە "دەبێت ئەوە بکەین، دەنا هەموو شتێکی تر لە دەستدەدەین."
ئەمە لەوانەیە ئەوە ڕوونبکاتەوە کە بۆچی قسەکانی بایدن زۆر بە توندی ئاماژەی بە رۆژی 6ی مانگی یەکی 2021 و "درۆ گەورە" کرد؛ ئەو بانگەشە بێ بنەمایەی کە سەبارەت بوو بە سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020دا -- وەک بەڵگەیەکی بەهێز بۆ گۆڕینی رێساکانی پەکخستن و تێپەڕاندنی ڕێکارەکانی مافی دەنگدان.
شاڵز وتیشی بیرکردنەوە لە دیمەنەکانی ئەو ڕۆژەی کۆنگرێس و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ مارتن لوتەر کینگ و لایەنگرەکانی کە لە کاتی پەڕینەوە لە پردی ئێدمۆند پێتۆس لێیاندرا، ئەو وێنانە زۆر گرنگ بوون بۆ تێپەڕاندنی یاسای مافی دەنگدانی ساڵانی 1960کان.
هەروەها لەدرێژەی قسەکانی دا وتیشی "بایدن پێویستی بە دیمەنێک هەیە بۆ ئەوەی دڵی خەڵک و کۆنگرێس بە دەستبهێنێت لە پێناو پشتگیریکردن لە پڕۆژە یاساکەی."
لە کاتێکدا دیموکراتەکان بە شێوەیەکی ڕۆتینی ڕەخنە لە ترامپ و هاوپەیمانە کۆمارییەکانی دەگرن بەوەی کە پێیدەڵێن "درۆیەکی گەورە"، مککانەڵ هێرشی کردە سەر دیموکراتەکان لەسەر ئەوەی کە بە "درۆ گەورەکەی چەپەکان" ناوی برد – ئەو بڕوایەی " پیلانگێرییەکی بەدکاری دژی دەنگدان باڵی کێشاوە بەسەر ئەمەریکادا."
لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 بایدن چەند ویلایەتێکی بردەوە کە ڕۆژانی دەنگدان تیایاندا زیادکران و کاتژمێرەکانی دەنگدان درێژکرانەوە و دەنگدانیش لەرێی پۆستەوە فراوانکرا لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بچن بۆ بنکەکانی دەنگدان لە سەروەختی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دا.
هێشتا بەلایکەمەوە دوو دیموکرات بە ناوەکانی سێیناتۆر جۆو مانچین لە وێست ڤێرجینیا و کیرستن سینما لە ئەریزۆنا بەردەوامن لە دژایەتیکردنی گۆڕینی بنەما یاساییەکانی دواخستن، تەنانەت سەبارەت بە ڕێکارەکانی مافی دەنگدانیش.
فۆرتێیەر وتیشی "ئەگەر ئەوان ڕای خۆیان نەگۆڕن، ئەگەر هیچ قسەیەک و هیچ شتێکی دیکە ڕاوبۆچوونی ئەوان نەگۆڕێت، ئەوا ئەستەمە ئەم کۆمەڵە پڕۆژە یاساییانە لەسەر ئاستی فیدڕاڵی تێپەڕێت."
بایدن لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵ لە ئەنجومەنی سینات، لە دژی گۆڕانکاریەکانی درێژەکێشان بەرهەڵەستی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو گۆڕانە بە پێویست دەزانێت.
شاڵز وتیشی "سەرۆک ئێستا دەزانێت کە ئەمە هەمان ئەنجومەنە سیناتەکەی 20 یان 30 ساڵ لەمەوبەر نیە، کە ئەگەری رێکەوتن و سازان رێی تێدەچوو."