Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا پێداچوونەوە بە فەرمانەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەکات


دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیارە ڕۆژی هەینی گوێ لە مشتومڕی زارەکی بگرێت لە دژی دوو سیاسەتی کوتانی COVID-19ی بەڕێوبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن کە لە لایەن دەزگا حکومیەکانەوە دەرکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا.

جێن ساکی، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "ئەو سیاسەتانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتەکەمان لە دژی کۆڤید-19 گرینگن".

ئەو فەرمان و سیاسەتانەی تەندروستی کە بڕیارە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، لەلایەن "بەڕێوەبەرایەتی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی" و "سەنتەرەکانی خزمەتگوزاری مێدیکێر و مێدیکەید"وە دەرکراون.

مێدیکێر و مێدیکەید دوو بیمەی تەندروستین لە ئەمەریکا بۆ بەساڵاچوان و خەڵکی کەم دەرامەت.

سیاسەتی بەڕێوبەرایەتی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی داوا لەو خاوەن پیشانەی کە زیاتر لە 100 کارمەندیان هەیە دەکات کە بەردەوام دڵنیاببنەوە لەوەی کارمەندەکانیان هەردوو ژەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە یانیش دەبێت هەفتانە پشکنین ئەنجام بدەن.

سەنتەری خزمەتگوزاری مێدیکێر و مێدیکەید داوا لە سەنتەرەکانی چاودێری تەندروستی کە بیمەی فێدراڵی مێدیکەیر و مێدیکەید قبوڵ دەکات، داوا لە کارمەندەکانیان بکەن تا هەر دوو ژەمی ڤاکسینەکە وەربگرن، هەڵبەت لەگەڵ لێخۆشبوون بۆ هەندێ لەوانەی کە بەهۆی بیروڕای ئاینییەوە ناتوانن ڤاکسینەکە وەربگرن.

ئەو ویلایەتانەی کە زۆرینەیان کۆمارین لەگەڵ هاوپەیمانیەک لە بازرگانی و گرووپە ئایینیەکان، دژی سیاسەتەکانی کۆتان و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمپانیاکان و کارمەندەکانیان دەوەستنەوە و ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتانە دەبنەوە.

سیاسەتەکانی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی بایدن لەلایەن ئەنجومەنی پزیشکی ئەمەریکایی و ئەنجومەنی تەندروستی گشتی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێشووی تەندروستی حکومەتەوە، پەسەند کراون.

پێداچوونەوەکەی دادگای باڵا سەبارەت بە سیاسەتەکانی تەندروستی دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە دادگاکان، بیروڕای جیاوازیان لەسەر سیاسەتەکان دەرکرد.

ئا ئێستا ملیۆنەها کەس لە ئەمەریکا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 800,000 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG