Accessibility links

سەرۆک بایدن یادی قوربانیانی ڕووداوەکەی 6ی مانگی 1ی ساڵی ڕابردوو دەکاتەوە


بڕیار وایە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە قسە لەسەر گرنگی مێژوویی هێرشەکەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات کە لەلایەن لایەنگرانی دانۆڵد ترامپی سەرۆکی پێشووەوە ئەنجامدرا.

لە یادی یەک ساڵەی هێرشەکەدا، بایدن گوتارەکەی لە هۆڵی ستاچوەری کۆنگرێس لەگەڵ جێگری سەرۆک کاماڵا هاریسدا پێشکەش دەکات.

جێن ساکی، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکدا رۆژی سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی گوت: "سەرۆکە قسە لە سەر راستی ئەوە دەکات کە ڕوویدا، نەک ئەو درۆیانەی کە هەندێک لەو کاتەوە بڵاویدەکەنەوە، و ئەو مەترسیەی کە بۆ دەسەڵاتی یاسا و سیستەمی حوکمڕانی دیموکراتی دروستی کردووە."

ساکی گوتی بایدن ئەو رۆژە بەرز ڕادەگرێت و " یادی قارەمانانی 6ی مانگی 1ی ساڵی ڕابردوو دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەو پیاو و ژنە ئازایانەی بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بەرزراگرتنی دەستوور و پاراستنی کۆنگرێس و ژیانی ئەو خەڵکەی لەوێ بوون."

لە هێرشەکەدا، چوار کەس کوژران کە یەکێکیان ئەفسەرێکی پۆلیس بوو. دەیان کەسیش برینداربوون و لەو کاتەوە چوار ئەفسەری دیکەی پۆلیس خۆیان کوشتووە.

پرۆفیسۆر کارڵ تۆبیاس، مامۆستای کۆلێژی یاسا لە زانکۆی ریچمۆند، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە کارەکانی ترەمپ لە "مێژووی ئەمریکادا وێنەی نەبووە." چونکە "هیچ سەرۆکێکی پێشوو هێندە هەوڵی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی متمانەی سەرۆکی دوایخۆی و پرۆسەی دیموکراسی."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG