Accessibility links

داواکاری گشتی نیویۆرک داوای دانۆڵد ترامپ و دوو منداڵە گەورەکەی دەکات بۆ شایەتیدانیان لە دادگا


نووسینگەی داواکاری گشتی نیویۆرک ڕۆژی دووشەممە، 3ی ئەم مانگە هەواڵی داواکردنی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و دوو منداڵە گەورەکەی، ئیڤانکا و دانۆڵد ترامپ جونیەری پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، نوسینگەی داواکاری گشتی نیویۆرک داوای ترامپ و دوو منداڵەکەی کردووە بۆ شایەتیدان لەسەر دۆسیەیەک کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە لە کاروباری خێزانەکەیانەوە هەیە.

نووسینگەی لیتیشا جەیمز داواکاری گشتی نیویۆرک، لە بەڵگەنامەیەکدا کە داویەتی بە دادگا، باس لەوە دەکات کە بەم دواییانە داوای ئەو کەسانەی کردووە بۆ ئەوەی شایەتی بدەن لەسەر ئەو لێکۆڵینەوە مەدەنیانەی کە چەندین ساڵە لەسەر ترامپ و کۆمپانیاکەی بەڕێوەدەچێت کرد و هەروەها بۆ ئەوەی بەڵگەکانی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەشی دادگا بکەن.

لێکۆڵینەوەکە بریتیە لە چەندین شت، لەوانە نرخاندنی موڵک و داراییەکانی ترامپ و کۆمپانیاکەی و ئەو موڵک و داراییانەی لە ژێر دەسەڵاتی ترامپدایە.

ئەمە یەکەم جارە کە لێکۆڵەرەوەکان بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە بە دوای وەرگرتنی زانیاریدان لە ئیڤانکا و دانۆڵد ترامپ جونیەر، ئەو دوو کەسەی کە جێگای باوەڕی باوکیانن و هەردوکیان بەڕێوبەڕی باڵان لە 'ڕێکخراوی ترامپ'دا کە سەر بەو خێزانەیە.

پێشتر مانگی ڕابردوو باس لەوە کرا کە کە نووسینگەی داواکاری گشتی نیویۆرک، داوای لە ترامپ کردووە بۆ ئەوەی سوێند بخوات و شایەتی بدات.

پارێزەرانی خێزانی ترامپ، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگای ناردنی هەندێک بەڵگەوە، خوازیاری ڕێگریکردن لە ناردنی داواکان بۆن بۆ بانگکردنی ترامپ و منداڵەکانی و داواکەی داواکاری گشتیان بە مانۆڕێکی نا دەستووری ناوبرد و هەروەها جەیمزیان تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی شایەتی و سوێنددانی ئەو خێزانە کە دواتر دەکرێت سوێندەکە لە دژی ترامپەکان بەکار بهێنرێت لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوتەریبدا کە لەلایەن داواکاری ناوچەی مانهاتەنەوە چاودێری دەکرێت.

داواکاری گشتی نیویۆرک، دیموکراتە و زیاتر لە دوو ساڵە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەوەی ئایا ڕێکخراوی ترامپ بانکەکان و بەرپرسانی باجی ئەو وڵاتەی فریو داوە یان نا. داواکاری نیویۆرک لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا ڕێکخراوی ترامپ نرخی موڵکەکانی زۆرتر لە نرخی ڕاستەقینەیان پیشانداوە بۆ بەدەستهێنانی قەرزی زۆرتر، هەروەها تێبگات کە ئایا ئەوان نرخی داراییەکانیان کەمتر پیشانداوە بۆ ئەوەی باجی کەمتر بدەن یان نا.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، پێناچێت پارێزەرانی ترامپ ڕێگە بە سوێندخواردنی ترامپ بدەن، مەگەر ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی کە شایەتی و سوێند خواردنەکە دواتر لە دۆسیەیەکی تردا لە دژی ناوبراو بەکار ناهێنرێت.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG