ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت زیندانییەکی سیاسی کورد لە ئێران، کە بۆ ماوەی 21 ساڵە لەزینداندایە، پاش مانگرتنی لە خواردن گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندان.
ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت خالید فەرەیدونی، زیندانی سیاسی خەڵکی مەهاباد، ماوەی 21 ساڵی تەواو لە زینداندایە و تاکو ئێستا تەنانەت یەک ڕۆژیش مۆڵەتی هاتنە دەرەوەی پێنەدراوە و هەر بۆیەش داوای بەخششی سزاکەی یان مۆڵەتی هاتنە دەرەوەی کاتیی کردووە و هێزەکان لە وەڵامی داواکارییەکەیدا، ناوبراویان گواستوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندان لە ورمێ.
فەرەیدونی لە مانگی8ی ساڵی 2000 دا دەستگیرکرا و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام سزاکە لە دادگای پێداچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی.
بە گوێرەی هەواڵەکەی هەنگاو، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرسەکە لە زیندانی شاری ورمێ وە بەو ڕێکخراوەی ڕاگەیاندوە کە بەو پێیەی کە عومەر فەقێ پوور، تۆمەتبارێکی تری دۆسیەکە دوای 21 ساڵ لەزیندان فەرمانی لێبوردنی بۆ دەرکراوە و سزاکەی بەخشراوە، هەر بۆیەش فەریدونی لە نامەیەکدا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، داوای ئازادکردنی یان لانی کەم مۆڵەتی هاتنە دەرەوەی کاتیی کردووە کە لە وەڵامدا پێیان گوتوە تۆ تاوانباری سەرەکی کەیسەکەیت و دەبێت بۆ هەتاهەتایە لە زینداندا بە بێ مافی مۆڵەت وەرگرتن بمێنێیتەوە.
ئەو ڕێکخراوە دەڵێت خالید فەریدونی لەدوای ناڕەزایی دەربڕین بە ڕەتبوونەوە داواکەی و مانگرتنی لە خواردن، بە بڕیاری سەرۆکی زیندانی ورمێ گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکە کەسی زیندان.