Accessibility links

خانمێکی یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی ئێران تیمەکەی لە ئیسپانیا جێدەهێڵێت و نایەوێت بگەڕێتەوە ئێران


شقایق باپیری یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران لە یاری تۆپی دەست، ڕۆژی سێشەممە 14ی ئەم مانگە شوێنی تیمەکەی لە ئیسپانیا بەجێهێشت و دەیەوێت داوای پەنابەری لەو وڵاتە بکات.

باپیری ڕۆژی پێنجشەممە لە گفتوگۆیەکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەگەر دۆخەکە لە ئێران نەگۆڕدرێت، ئەوا چاوەڕێی هیچ داهاتوویەکی گەش بۆ خانمانی یاری تۆپی دەست ناکات.

باپیری تەمەن 30 ساڵ، لە ساڵی 2015 وە ئەندامی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی خانمانی ئێران و یانەی سپاهان بووە و یەکێک بوو لە یاریزانە بە ئەزموونەکانی ئێران لە 25هەمین خولی کێبڕکێ جیهانییەکانی یاری تۆپی دەست لە ئیسپانیا.

ئەو یاریزانە ئێرانییە ڕۆژی چوارشەممە هۆتێلی سێرکۆتێل سۆرۆلا پالاس کە شوێنی تیمەکەی بووە لە ڤالێنسیا، بەجێهێشتوە و دەڵێت بەنیازە داوای پەنابەری بکات.

ئەو لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە "سنوردارکردنی وەرزش بۆ خانمانی وەرزشەوان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی کە بڕیاربدات نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

نەگەڕانەوەی ئەم یاریزانە بەو مانایە دێت کە خێزانەکەی لەوانەیە ناچاربن بڕی 35 هەزار دۆلار کە وەک کەفالەت بۆی دانرابوو پێش ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت ئێران بەجێبهێڵێت بیدەنە حکومەت.

حکومەتی ئێران هەندێک جار داوا لە وەرزشوانان دەکات کە سەرمایەی کەسی خۆیان وەک کەفالەت بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکە و ئەگەر نەگەڕانەوە ئەو کات حکومەت ئەو بڕە پارەیان لێوەردەگرێت.

باپیری بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئەگەر ئەو پارەیەی کە وەرزشەوانانەکان وەک کەفالەت دایانناوە، نەبوایە ئەوا هەموو ئەندامانی تیمەکە داوای پەنابەریان دەکرد و نەدەگەڕانەوە."

ئەو هەروەها گوتیشی حیجابی زۆرەملێ بەربەستێکە لە بەردەم یارکردن و دەرخستنی تواناکانیادا.

باپیری لە شاری سنە لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە و دەڵێت بەهۆی کورد بوون و سوننە بوونییەوە بە بەردەوامی مافەکانی پێشێلکراوە.

ئەو گوتی "ئەگەر تۆ کورد و سوننە بیت لە ئێران، ئەوا هەڵسوکەوتێکی جیاوازیان لەگەڵت دەبێت و بە بەردەوامی گاڵتەت پێ دەکرێت و هەر بۆیەش چیتر ناتوانم وەک مرۆڤێک ئەوە قەبووڵ بکەم."

مامەڵەی خراپی ئێران لەگەڵ کەمینە ئایینی و ئەتنیکییەکانی بە بەردەوامی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو وڵاتەدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە.

باپیری بەدەنگی ئەمەریکای گوت کە هیچ پەشیمانی نییە لە هەڵبژاردنەکەی و پلانی هەیە بە بێ گوێدانە قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەردەوام بێت لە خوێندن لە دەرەوە.

XS
SM
MD
LG