Accessibility links

سەرۆک جۆو بایدن سەردانی زیان لێکەوتوانی زریانە بەهێزەکەی کەنتاکی دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڕیارە ڕۆژی چوار شەممە سەردانی ویلایەتی کەنتاکی بکات، تا لە نزیکەوە چاوی بەو زیانانە بکەوێت کە بەهۆی گەردەلولە کارەساتبارەکەی هەفتەی ڕابردوو دروست بووە، کە بەلایەنی کەمەوە 74 کەس لە ویلایەتەکە بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستدا و هەزارانی دیکەش ئاوارە بوون.

بایدن کە پێشتر ڕاگەیندراوێکی فریاگوزاری بۆ ویلایەتی کەنتاکی واژۆ کردووە، دەڵێت ئەو دەیەوێت هەمان کار بۆ ئیلینۆی بکات. ئەو دەشڵێت فەرمانی بە بەڕێوبەرایەتیەکەی کردووە هەموو سەرچاوەکان بخەنە بەردەست بۆ بەرپرسانی ناوخۆ و ویلایەتەکە لە کەنتاکی و ویلایەتەکانی دیکە کە بەهۆی گەردەلول و زریانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بایدن ئاماژەی بەوەشدا "دەبێت لەوە زیاتر کاربکەین کە لە بەردەستی حکومەتی فیدراڵی دایە، بۆ نمونە؛ کە ئاژانسی فیدڕاڵی بۆ بە هاناچوونی فریاگوزاری FEMA دەتوانێت بڕی 35000 دۆلار دابین بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووبەرەکان" بەڵام ئێمە لەگەڵ هەموو فەرمانڕەواکان کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین کە دەتوانین".

بایدن گوتیشی پەیامەکەی بۆ فەرمانڕەواکانی ولایەتەکە ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵی یارمەتیان دەدات بۆ ئەوەی "هەر شتێکیان پێویستە و کاتێک پێویستیان پێیەتی بۆیان دابین بکات،"هەتا ئەوکاتەی پێویستیان بە یارمەتی هەیە ئێمە لەوێ دەبین".

لە کاتێکدا ویلایەتی کەنتاکی گەورەترین زیانی بەرکەوتووە، هاوکات ئەو گەردەلولە بووە هۆی دروستبوونی چەندین زریانی دیکە لە درەنگانێکی ڕۆژی هەینی و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەدا.

هەروەها زریانەکە بووەتە هۆی وێرانکاری گەورە لە ویلایەتەکانی ئارکانساس، ئیلینۆی، میسیسیپی، میزۆری و تێنیسیش. گەردەلوولە بەهێزەکانی لەم جۆرە لە مانگی 12 دا لە باکوری ئەمەریکا نائاسایین. شارەزایانی ڕوانگەی کەشناسیش دەڵێن هەوای گەرم و پلەی گەرمی ئاو لە کەنداوی مەکسیک بووەتە هۆی بەرپابوونی ئەو گەردەلولانە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG