پۆلیس لە ویلایەتی مشیگەنی ئەمەریکا دەڵێت دایک و باوکی ئەو نەوجەوانەیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبار کراوە بە چوار حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە کاتێکدا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە خوێندنگاکەی هێرشێکی ئەنجام دا.
پۆلیس دەڵێت جێنیفەر و جەیمس کرامبلی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە شاری دیترۆیت دەستگیرکران.
داواکارێکی گشتی تۆمەتی کوشتنی بێ مەبەستی لەسەر دایک وباوکەکە تۆمار کردووە بەهۆی ئەو کوشتنکارییەی کە کوڕەکەیان کردوویەتی.
ئەم دایک و باوکە ڕۆژی هەینی لەدادگا ئامادە نەبوون بۆیە پۆلیس فەرمای دەسگیرکردنی دەرکرد و بە هەڵاوتوو لەقەڵەم دران. ئەم باوک و دایکە تۆمەتبارن بەوەی نیشانەکانی پێش ئەنجامدانی ئەو کوشتنکارییەیان لەلایەن کوڕەکەیانەوە پشتگوێخستووە و ڕێگەیان داوە کوڕەکەیان دەستی بەچەک ڕابگات.
بە پێی ئاژاسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد، شانن سمیت پارێزەری ئەو دوو هاوسەرە بە کاربەدەستانی گوتبوو لە سەرەتای هەفتەوە ئەوان شارەکەیان جێهێشتبوو لە پێناو سەلامەتی خۆیان.
پۆلیس وێنەیانی بڵاوکردبۆوە لەگەڵ ئاگاداری بەخشینی 10 هەزار دۆلار خەڵات بۆ هەر کەسێکی کە زانیارییان لەسەر بدات.
ئەوان سێ ڕۆژ پاش ئەوەی کوڕە تەمەن 15 ساڵەکەیان گوایە لە خوێندنگای دوا ناوەندی ئۆکسفۆرد لە شارۆچکەی ئۆکسفۆردی مشیگەن دەستڕێژی کرد و چوار خوێندکاری کوشت، تۆمەتبارکران. لەو هێرشەدا 7 کەسی تریش بریندار بوون.
کارین مكدانۆڵد داواکاری گشتی باڵا لە ناوچەی ئۆکڵاندی مشیگەن ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی WJR-AM ی دیترۆیت، گوتی کردارەکەی ئەو دایک و باوکە بەر لەوەی کوڕەکەیان ئەو کارە بکات " زۆر زیاترە لە پشتگوێخستن."
داواکارانی گشتی دەڵێن ئیتەن کرەمبلی کوڕیان بەر لە ئەنجامدانی ئەو کارە چەند ئاماژەیەکی ڕوونی بە کارەکە کردبوو لەوانەشدا دروستکردنی وێنەی دەمانچەیەک و وێنەی خوێن و نوسینی " خوێن لە هەموشوێنێک" و هەروەها " ئەم بیرکردنەوە وازم لێناهێنێت – یارمەتیم بدە."
ئەوان دەشڵێن یەکێک لە مامۆستاکان بینیبوی ئەم کوڕە بە تەلەفۆنەکەی لە ئۆنلاین دەگەڕێت بە دوای چەک، ئەو کاربەدەستانی خوێندنگاکەی ئاگادار کردبۆوە.
بە پێی وتەکانی مکدانۆڵد جەیمس و جێنیفەر چەند کاتژمێرێک بەر لەو تەقەکردنە لەلایەن خوێندنگاکاوە بانگکرابوون بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون کوڕەکەیان بەرنەوە بۆ ماڵەوە.
شارەزایان دەڵێن بە دەگمەن دایک و باوک بە تەقەکردنی منداڵەکانیان لە خوێندنگاکان تۆمەتبار دەکرێن. ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر ئەم دایک و باوکەدا بسەلمێندرێت ئەوا ڕەنگە ڕووبەڕووی هەتا 15 ساڵ زیندانی کردن ببنەوە.
ئیتن کرامبلی تاوانبارکراوە بە کوشتنی خوێندکارەکان بە چەکی ئۆتۆماتیک کە لێکۆڵەران دەڵێن لە هەفتەی ڕابردوو باوکی بە شێوەیەکی یاسایی کڕیویەتی.
بە پێی یاسای ویلایەتی مشیگەن پێویست ناکات خاوەن چەکەکان چەکەکانیان لە ناو قوتویەکدا دابخنە کە دووربێت لە بەردەستی منداڵەکانیان.
زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی AP و Reuters وەرگیراوە.
.
.