بەڕێوەبەرای بایدن ئامادەکاری دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی تاقیکردنەوەی کۆڤید بۆ هەموو گەشتیارانی نێونەتەوەیی بەرلەوەی بێنە نێو ئەمەریکاوە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە ئۆمیکرۆن ناسراوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن بەڕێوەبەرایەتییەکە بە نیازە ئەوەش بکات بە مەرج کە هەرکەسێک بێتە نێو ئەمەریکاوە ڕۆژێک بەر لە گەشتەکەی تاقیکردنەوەی کۆڤید-19 ئەنجام بدات، تەنانەت ئەوانەی کە ڤاکسینەکانیشیان وەرگرتووە.
کاربەدەستان لە ئێستادا تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەن کە ئایا بڕیاری کەرەنتینە کردن بۆ هەموو گەشتیارە بیانییەکان بۆماوەی حەوت ڕۆژ پاش گەیشتنیان بۆ ئەمەریکا دەربکەن یان نا، یان ئایا پێویست دەکەن پاش سێ بۆ پێنج ڕۆژ تاقیکردنەوەیەکی تر ئەنجام بدەن.
ئەم بڕیارە پێشنیازکراوانە ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانەش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکیدا ستراتیژیەتە نوێیەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاشکرا بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەسەر بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا. ڕۆژی چوارشەممەتێدرۆس ئەدهانۆم گێبریۆسیس بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند هەتا ئێستا بەلایەنی کەم ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە 23 وڵاتدا ڕاگەیەندراوە.
دکتۆر تێدرۆس گوتیشی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی چاوەڕوان دەکات ژمارەکە زیاتریش بێت.