Accessibility links

لە نزیک سنووری پۆڵەندا تەرمی کۆرپەلەی کۆچبەرێکی عێراقی بەبێ دایک و باوکی بەخاک دەسپێردرێت


لە شاری بۆهۆنیکی پۆڵەندا، ڕۆژی یەکشەممە 21ی11ی 2021، کۆمەڵگایەکی موسڵمانی ناوخۆیی تەرمی کۆچبەرێکی یەمەنی مستەفا محەمەد مورشد بەخاک دەسپێرن. وێنەی AP
لە شاری بۆهۆنیکی پۆڵەندا، ڕۆژی یەکشەممە 21ی11ی 2021، کۆمەڵگایەکی موسڵمانی ناوخۆیی تەرمی کۆچبەرێکی یەمەنی مستەفا محەمەد مورشد بەخاک دەسپێرن. وێنەی AP

ئەو دایکە کۆچبەرە عێڕاقییەی کە پاش پەڕینەوەی لە سنووری یەکێتی ئەوروپا بۆ ناو پۆڵەندا کۆرپەلە 27 حەفتەیەکەی لەدەستدا ، ڕۆژی سێشەممە لە مەڕاسیمێکی ئیسلامیدا کۆرپەلەکەی بەخاکسپێردرا.

لە هاوینی ئەم ساڵەوە کە هەزاران کۆچبەر دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا بەلاینی کەم 11 کەس لە هەردووبەری سنووری پۆڵەندا و بێلاڕوس گیانیان لەدەستداوە.

قەیرانەکە گەورەتر بۆوە کاتێک گروپێکی زۆری کۆچبەران گەیشتنە ئەو سنوورەو لەوێ چادریان هەڵدا لە کاتێکدا دوریان تەلبەند کرابوو کەوتنە ڕەوشێکی زۆر خراپەوە.

ڕێوڕەسمەکەی ڕۆژی سێشەممە لە گۆڕستانی بۆهۆنیکی تاتار نژادە کەمینەکانی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، کە سێ کۆچبەری دیکە لەوێ بەخاکسپێردراون.

تابوتە بچووکەکە لەلایەن دوو ئەندامی کۆمەڵی موسڵمانی ناوخۆ و ئیمامێکەوە هەڵگیرابوولە کاتێکدا یەکەم بەفری وەرزی زستانی کێڵگەکانی دەوروبەری داپۆشیبوو.

ئیمام عەلی ئالیکساندەر بازارویچز بە ئامادەبوانی گوت " ئەم خەڵکە ماڵ و وڵاتی خۆیان بۆ گەشتکردن بەجێ نەهێشتووە، بەڵکو لە پێناو دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر جێیان هێشتووە."

ئەو گوتیشی " کاتێک گۆڕی ڕابردوومان هەڵکەند هیوامان خواست دواین بێت، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو."

دایک و باوکی ئەو کۆرپەلەیە لەوێ ئامادە نەبوون. دایکی ڕەوشی تەندروستی خراپە و لە نەخۆشخانەیە و باوکیشی لەگەڵ پێنج منداڵەکەی تری لە کەپێکی پەنابەرانن نزیک شاری بیالیستۆک.

خۆبەخشە پۆڵەندییەکان لە دارستانێکی نزیک گوندی ناروکای سەر سنووری پۆڵەندا بە هانای ئەو خێزانەوە چووبوون.

پیۆتر ماتیچی یەکێک لە خۆبەخشەکان بە ڕۆژنامەی گازێتا ویبۆرچای وتووە " منداڵەکان بە بێدەنگی لە تەنیشت دایکیان دانیشتبوون، کە هاواری دەکرد، باوکیشیان دەستیخۆی دەگوشی و داوای یارمەتی دەکرد." ئەو گوتی " ئەوە بۆ دووڕۆژە هەر ڕاکشاوە، دەڕشێتەوەو هیچیشی بۆ ناخورێت."

ئۆتۆمبێلێکی نەخۆشگواستنەوە ژنەکەی گەیاندە نەخۆشخانە و لەوێ پزیشکان پشتڕاستیان کردەوە کە منداڵەکەی گیانی لەدەستداوە.

گۆڕی نوێی ئەو کۆرپەلەیە بە تەنیشت گۆڕی مستەفا محەمەد مورشیدی یەمەنی تەمەن 37 ساڵان و ئەحمەد حەسەنی سوریایی تەمەن 19 ساڵان و کۆچبەرێکی تری نەناسراوەوەیە.



XS
SM
MD
LG