Accessibility links

بایدن بۆ ماوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی دەداتە جێگرەکەی کامڵا هێرس


کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک جۆو بایدن بۆ ماوەیەکی کورت لە کاتێکدا لە سەنتەری پزیشکی سەربازی نیشتمانی واڵتەر ڕید بەنج (بێهۆش) دەکرێت بۆ پشکنینی قۆڵۆن، دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی دەگوازێتەوە بۆ کامڵا هێرسی جێگری.

جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند بایدن لە کاتی پڕۆسەی ئەنجامدانی پشکنینی قۆڵۆن بێهۆش دەبێت و هەر بۆیەش بۆ ماوەیەکی کورت دەسەڵاتی خۆی دەگوازێتەوە بۆ هێرس.

جین ساکی گوتی "وەک چۆن لە ساڵەکانی 2002 و 2007، سەرۆک جۆرج W بوش بۆ هەمان پشکنین ئەم کارەی کرد و بە پێی دەستوریش، سەرۆک بایدن بۆ ماوەیەکی کورت کە لەژێر بێهۆشیدایە، دەسەڵات دەگوازێتەوە بۆ جێگری سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکیش لەم ماوەیەدا لە نوسینگەکەی خۆیەوە لە وێست وینگ کار دەکات."

گوتەبێژی کۆشکی سپی لە تویتێکیشدا باسی لە پشکنینکەی سەرۆک بایدن کردووە.

هێرس کە یەکەم ژن و یەکەم ڕەشپێستە ببێت بە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لەو ماوە کورتەی کە دەسەڵاتی سەرۆکی دەبێت لە ئەمەریکا مێژوو تۆمار دەکات و دەبێت بە یەکەم ژنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکێک بایدنی تەمەن 78 ساڵ دوایین تاقیکردنەوە و پشکنینی تەندروستی تەواوی خۆی لە مانگی 12ی ساڵی 2019دا ئەنجامداوە و ئەو کات پزیشکەکان ڕایانگەیاند کە تەندورستی بایدن بەهێز و گونجاوە بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە بتوانێت ئەرکەکانی سەرۆکایەتی جێبەجێ بکات. بایدن بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە و لە ساڵی 2019ەوە کە خۆی کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بابەتی تەندروستی ئەو بووەتە جێگای سەرنجی میدیا و هەواڵەکان.

XS
SM
MD
LG