Accessibility links

ڤێتنام دەڵێت لەگەڵ ئێراندا لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەشتییەکی نەوتهەڵگر


ڤێتنام ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لەگەڵ ئێراندا کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی چارەنوسی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداو کە بووە هۆی ناکۆکی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتن و تاراندا.

ئەمەریکا و ئێران بە تەواوەتی بە پێچەوانەی یەکەوە باسی ئەوەیان کردووە لە هەفتەی ڕابوردوو چی بەسەر کەشتی نەوتهەڵگری ڤێتنامیMV Sothys هاتووە لە دەریای عومان.

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت هەوڵێکی ئەمەریکایان بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێراندا لە دەریای عومان پوچەڵکردۆتەوە.

بەڵام کاربەدەستانی بەرگری ئەمەریکا ئەو ڕاگەیاندنە ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن لە ڕاستیدا مانگی ڕابردوو هێزەکانی ئێران دەستیان گرتووە بەسەر کەشتیەکی بارهەڵگری نەوتدا کە ئاڵای ڤێتنامی بەسەرەوە بووە، هێزی دەریایی ئەمەریکاش تەنها چاودێری ڕەوشەکەیان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "لە نزیکەوە کار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێراندا دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە."

دەشڵێت کاپتنی کەشتییەکە لە 27 ی مانگی 10 بۆ باڵیۆزخانەی ڤێتنام لە تارانی پشتڕاست کردووەتەوە کە هەر 26 ئەندامەکەی نێو کەشتییەکە لە ڕەوشێکی باشدان و مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا کراوە.

ئەم ڕووداوە لە دوای زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنار دەریاکانی کەنداو ڕوویداوە، کە بەشێکی زۆری نەوتی جیهان لەوێ بەرهەمدەهێنرێت و هەناردە دەکرێت.

ئێران تۆمەتبار کراوە بە هێرشەکەی 29ی مانگی حەوتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری پەیوەست بە ئیسرائیل لە کەناری عومان، کە تێیدا سەربازێکی پێشووی بەریتانی و هاووڵاتییەکی ڕۆمانی کوژران.

ئێران نکوڵی لەوەو تۆمەتەکانی تریش دەکات کە دەستی هەبووە لە هێرشەکان و ڕفاندنەکانی تر لەو ناوچەیەدا.

مشتومڕەکان لەسەر ڕووداوی تانکەرەکەی هەفتەی ڕابردوو هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا.

ئێران ڕۆژی چوارشەممە قائیل بوو بە دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لە 29 ی مانگی 11 .

XS
SM
MD
LG