Accessibility links

پێنتاگۆن: بانگەشەی ئێران لەسەر ئەوەی ئەمەریکا هەوڵیداوە دەستبگرێت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگردا هەڵەیە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن بانگەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەت کردەوە کە گوایە هەوڵێکی ئەمەریکای بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێرانیدا لە دەریای عومان پوچەڵکردۆتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ئەمەریکا جۆن کیربی وتی " بانگەشەکانی ئێرانم بینیوە، بەدڵنیاییەوە هەڵەن و ڕاست نین."

کیربی وتی ئەوە ئێران بووە بەشێوەیەکی نایاسایی لە کۆتایی مانگی 10 دا دەستی بەسەر کەشتیەکی بازرگانیدا گرتووە لە دەریای عوماندا و هێزەکانی ئەمەریکا چاودێری ڕەوشەکەیان کردووە، بەڵام " هیچ کاتێک هەوڵ نەدراوە کەشتیەکە بگیردرێتەوە یاخود ڕووبەڕووی هێزەکانی ئێران ببینەوە."

کیربی وتی " کردەوەکانی ئێران پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە. ئازادی هاتوچۆی دەریایی و ئازادی بەڕێوەچوونی ئەرکە بازرگانییەکان دەخاتە مەترسییەوە. تەنها دەستبەسەراگرتنێک کە ڕوویدابێت لەلایەن ئێرانەوە بووە."

بەپێی ڕۆیتەرز، بۆ پشتیوانیکردن لە بانگەشەکانی ئێران، کەناڵی ئێران گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت کەشتیەکی نەوت هەڵگری سور لەلایەن 10 بەلەمی خێراوە گەمارۆدراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG