Accessibility links

ئێران دەڵێت هەوڵێکی ئەمەریکای بۆ دەستبەسەراگرتنی نەوتەکەی لە دەریای عومان پوچەڵ کردۆتەوە


سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت هەوڵێکی ئەمەریکایان بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێراندا لە دەریای عومان پوچەڵکردۆتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن وتیان ئەو هەواڵەی ئێران ڕاست نیە و هیچ هەوڵێکی ئەمەریکا لە ئارادا نەبووە بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتیەکەدا.

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان لە ڕاستیدا مانگی ڕابردوو هێزەکانی ئێران دەستیان گرتووە بەسەر کەشتیەکی بارهەڵگری نەوتدا کە ئاڵای ڤییەتنامی بەسەرەوە بووە، هێزی دەریایی ئەمەریکاش تەنها چاودێری ڕەوشەکەیان کردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی ئێران بڵاویکردۆتەوە وتی " بەهۆی وەڵامدانەوەی خێرای هێزی دەریایی پاسدارانەوە، هەوڵێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ دزینی نەوتی ئێران لە دەریای عومان شکستی هێنا."

ئێران چەند جارێک ئەمەریکای ئاگادارکردۆتەوە سەبارەت بە چالاکیە سەربازییەکانی لە کەنداودا، دەڵێت هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئەرکەکانیان زیادکردووە تاوەکو ئاسایشی ڕێڕەوی کەشتیە ئێرانیەکان بپارێزن و ڕووبەڕووی قاچاغچێتی سوتەمەنی ببنەوە.

سەبارەت بە دەستبەسەراگرتنی کەشتیەکە، کەناڵی پرێس وتی کاتێک کەشتیەکە لە دەریای عومان دەستی بەسەردا گیراوە، هێزەکانی سوپای پاسداران بەزوویی وەڵامیان داوەتەوە.

کەناڵەکە وتی " ئەندامانی هێزی دەریایی پاسداران ئەرکێکیان لە هێلیکۆپتەرێکەوە ئەنجامداوە و چوونەتە سەر پشتی کەشتیەکە و کۆنتڕۆڵیان کردۆتەوە، دواتر ئاڕاستەی ناوچە ئاوییەکانی ئێرانیان کردووە."

بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان وت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە باوەڕ وایە ئێرانی بووبێتن، لە تەنگەی هورموز نزیک کەشتی جەنگی ئەمەریکا ئێسێکس بوونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG