Accessibility links

سەرۆک بایدن جەخت لە گرنگیی دامەزراوە دیموکراتییەکان دەکاتەوە بۆ سەرۆکی تورکیا


سەرۆک بایدن و سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی 20 لە ڕۆما
سەرۆک بایدن و سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی 20 لە ڕۆما

سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی 20دا لە ڕۆما لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا کۆبۆتەوە، بەپێی ڕگەیەندراوێکی ئەمڕۆ یەکشەممەی کۆشکی سپی.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا خواستی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکی بونیاتنەرانە و بەرفراوان کردنی بوارەکانی هاوکاریکردن و هەروەهاش کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لەگەڵ تورکیادا.

لەم ڕاگەیەندراوەی کۆشکی سپیدا هاتووە، سەرۆک بایدن، بەشدارییەکانی نزیکەی 20 ساڵی ڕابردووی تورکیا وەک ئەرکی ناتۆ لە ئەفغانستاندا بەرز نرخاندوە.

هەردوو سەرۆک لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە ژمارەیەک دۆسێ کردووە، لەوانە؛ پرۆسەی سیاسی لە سوریا، گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکی مرۆییانە بۆ هاوڵاتیانی ئەفغانی کە پێویستیانە، هەڵبژاردنی لیبیا، ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەروەهاش هەوڵە دیپلۆماسییەکانی باشوری قەوقاز.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە "سەرۆک بایدن جارێکی تریش جەختی کردۆتەوە لە هاوبەشی بەرگری و گرنگیی تورکیا وەک هاوپەیمانێک لە ناتۆدا و باسیشی لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا کردووە لەسەر کڕینی موشەکی جۆری ئێس 400ی ڕوسیایی لەلایەن تورکیاوە."

هەروەها سەرۆک بایدن جەختی کردۆتەوە لە گرنگییەکانی دامەزراوە بەهێزە دیموکراتییەکان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەکردن.

کاربەدەستێکی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبوو، سەرۆک بایدن لە کۆبوونەوەکەیدا هاوشانە تورکیاییەکەیشی ئاگادار دەکاتەوە سەبارەت بەوەی "هیچ ڕێوشوێنێکی سەرکێشیانە سود بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا ناگەیەنێت و پێویستە تورکیا خۆی لە قەیران لابدات."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پێشتر ڕایگەیاند 10 باڵیۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە باڵیۆزی ئەمەریکاشەوە "کەسانی خوازراو نین" چونکە هەوڵی ئازادکردنی حوسان کاڤالا، چالاکوانی سیڤیلیان دابوو، بەڵام دواتر ئەردۆغان پەشیمان بووەوە لەو هەڕەشەیەی کردبووی بۆ دەرکردنی ئەو 10 باڵیۆزە.

یاسادانەرانی ئەمەریکا داوایان لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن کردووە تا فڕۆکەی جۆری ئێف 16 بە تورکیا نەفرۆشێت و هەڕەشەی ڕێگەگرتنیشیان کردووە لە هەر هەناردەکردنێکی لەو شێوەیە، بەهۆی ئەوەی تورکیا سیستەمی ڕوسیایی کڕیوە و وەک نەیارێکیش ڕەفتاری کردووە.

تورکیا، داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 16ی لە ئەمەریکا کردووە و هەروەهاش کڕینی ارچەی تری فڕۆکەش بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو فڕۆکە جەنگییەکانی تری.

لەم چەند ساڵەی ڕابردووەوە هاوپەیمانێتی نێوان ئەمەریکا و تورکیا کەوتۆتە ژێر فشارەوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر سوریا، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، هەروەهاش کڕینی موشەکی جۆری ئێس 400 لە ڕوسیا.

XS
SM
MD
LG