دادوەرێکی فیدڕاڵی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەیەکی کاتیی یاسای قەدەغەکردنی منداڵ لەباربردنی تێکساسی ڕاگرت کە توندترین یاسای لەو شێوەیەیە لە ئەمەریکا.
بڕیارەکەی دادوەری ناوچەیی ئەمەریکا ڕۆبەرت پیتمان، ڕێگە لە ویلایەتەکە دەگرێت ئەو یاسایە جێبەجێ بکات کە کۆمارییەکان پشتیوانی دەکەن و بە پێی یاساکە ڕێگری لە ژنان دەکرێت بتوانن پاش شەش هەفتەی دووگیانبوونیان منداڵ لەباربەرن.
یاسای قەدەغەکردنی لەباربردن لە تێکساس، هیچ جیاوازییەک ناکات بۆ ئەو حاڵەتانەی کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسیشەوە دووگیانبوونی لێدەکەوێتەوە. هەروەها جێبەجێکردنی یاساکە دەسەپێنێت بەسەر هاووڵاتیاندا و بڕی 10 هەزار دۆلاریش خەڵات دەبەخشێت بە هەر کەسێک کە سکاڵا لە دژی کەسێک تۆمار بکات کە منداڵی لە پاش ئەوەی دڵی لێی داوە لەبار بردووە. ڕەخنەگران دەڵێن ئەم بەخشیشە وا دەکات خەڵکی کاری توندوتیژی لە دژی لەباربردن ئەنجام بدەن.
پاش ئەوەی دادگای باڵای ئەمەریکا ڕێگەی بە یاساکە دا، بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن لە دژی یاساکە وەستا.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت کە ئەم یاسایەی تێکساس ڕێگە لە ژنان دەگرێت مافی دەستووری خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە دووگیانی بەرکاربێنن، ئەو یاسایەی کە لە ساڵی 1973 لە دادگای باڵا دەرچووە و بە بڕیاری ڕۆ ڤی وەید ناسراوە و لەباربردنی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا یاسایی کردوەتەوە.
کۆنەپارێزانی ئەمەریکا لەمێژە هەوڵ دەدەن یاسای ڕۆ ڤی وەید هەڵبۆەشێنەوە.