Accessibility links

دانۆڵد ترامپ داوا لە دادوەری فیدڕاڵی دەکات کە تۆیتەر ناچار بکات هەژمارەکەی بداتەوە


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی داوای لە دادوەرێکی فیدڕاڵی لە ویلایەتی فلۆریدا کردووە کە تویتەر ناچار بکات هەژمارەکەی بگەڕێنێتەوە.

تویتەر لە مانگی یەکدا، هەژماری دانۆڵد ترامپی بە هۆی مەترسی هاندان بۆ توندوتیژی سڕیەوە.

هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دانۆڵد ترامپ لە تویتەر، فەیسبووک و یوتوب پاش ئەوەی لە 6ی مانگی یەکدا گروپێک لە لایەنگرانی سەرۆکی پێشوو، هێرشیان کردە سەر کۆنگریسی ئەمەریکا، ڕاگیران و تۆڕەکان گوتیان ئەوان ئەو بڕیارەیانداوە بە هۆی نیگەرانیەکانیان لەمەڕ هاندانی توندوتیژی زیاتر.

پارێزەرانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەو کەیسەدا کە ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردۆتەوە، مشتومڕی ئەوەیان کردووە کە هێز و کاریگەری تویتەر لە گوتاری سیاسی ئەو وڵاتەدا بێ سنوور زۆرە ولە مێژوودا بێوێنە.

تویتەر لە کاتی بلۆککردنی هەژماری بەڕێز ترامپ ڕایگەیاندبوو کە توییتەکانی ئەو سیاسەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پێشێلکردووە .

ترامپ لە سکاڵاکەی دادگادا مشتومڕی ئەوەی کردووە کە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕێگە بە تاڵیبان دەدات بە بەردەوامی لە سەر سەرکەوتنە سەربازییەکانی لە سەرانسەری ئەفغانستاندا توییت بکەن، بەڵام لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی ئەودا لە سەر تویتەکانی ئەو ناونیشانی 'زانیاری چەواشەکاری' داناوە و تویتەکانی ئەوی بە هۆی ستایەشی توندوتیژی لە دژی یاساکانی خۆی زانیوە.

بە پێی بڕگەی 230ی 'یاسای هەڵسوکەوتی تەندروست لە پەیوەندیەکاندا'، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕێگەپێدراون ئەو پۆست و ناوەڕۆکەکانە بسڕنەوە کە نەگونجاو بێت یان پێوەرەکانیان پێشێل بکات. بەڵام بەڕێز ترامپ و ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی دیکە پێیان وایە تویتەر و فەیسبووک یاساکە خراپ بەکاردەهێنن و و دەڵێن دەبێت پارێزبەندی یاسایی ئەو تۆڕانە پوچەڵ بکرێتەوە یان پاش جێبەجێ کردنی پێشمەرجەکانی حکومەت ئەو مافە بەدەست بهێنن.

دانۆڵد ترامپ پێش ئەوەی هەژمارەکەی لە تویتەر دابخرێت، زیاتر لە 88 ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو لەو تۆڕەدا.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG