Accessibility links

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا داوای ئازادکردنی زەینەب جەلالیان دەکات


ئەندامی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکا لە تویتێکدا کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە دۆخی نالەباری زیندانی کوردی ئێران زەینەب جەلالیان ڕاگەیاند.


جەیمی ڕۆسکینی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، 28ی ئەم مانگە لە تویتێکدا دەڵێت "زەینەب جەلالیان بە هۆی پشتیوانیکردنی لە مافی کوردەکان و ژنان ماوەی 13 ساڵە بە تۆمەتی هەڵبەستراو لە ئێران زیندانی کراوە و لە ئێستاشدا حکومەتی ئێران بۆ وەرگرتنی دانپێدانان تەنانەت لە چاودێری تەندروستی سەرەتایش بێبەشی کردووە." ئەو نوێنەرە هەروەها گوتیشی "پێویستە ئێران داواکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادکردنی بێ مەرجی زەینەب لەبەرچاو بگرێت و جێبەجێی بکات."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمساڵ لەبارەی زینەب جەلالیانەوە ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران بۆ ئەوەی دانپێدانان لەو زیندانییە وەربگرن چەندین جار ناوبراوییان خستوەتە ژێرئەشکەنجە و مامەڵەی دڵڕەقانە و نامرۆڤانەیان لەگەڵدا کردووە.

زەینەب جەلالیان خەڵکی ماکوەیە و لە ساڵی 2008 دا لە کرماشان دەستگیرکرا و دادوەری ئێران بەتۆمەتی موحاریبە و ئەندامێتی لەحزبێکی کوردی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و پاشان لە داوای پێداچوونەوە، سزاکەی کەم کرایەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

XS
SM
MD
LG