Accessibility links

یەكێتی ئەوروپا چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێڕاق دەکات


یەکەم ئەرکی یەكێتی ئەوروپا بۆ چادێری کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی داهاتوودا 80 کەس لە ئەندامانی ڕەوانەی عێراق دەکات، سەرۆکی گروپەکە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن ڕۆژی پێنجشەممە گوتی ئەرکی ئەم ئەندامانە بەدواداچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی دەبێت لەو وڵاتەدا.

ڤۆن کرامۆن لە بەغدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند " داوا لە هەموان دەکەم ئەم پرۆسەیە بە ئاشتیانە بەڕێوە ببەن،" گوتیشی " توندوتیژی و ترس و تۆقاندن هیچ جێیەکی لە هەڵبژاردندا نییە."

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تاکە دواکاری خۆپیشاندەرانی ساڵی 2019 بوو کە بەجێ بگەیەندرێت، ئەوان خۆپیشاندانیان دژ بە گەندەڵی ئابوری و خراپبەڕێوەبردنی دەسەڵات ئەنجام دا.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان خۆپیشاندەر ڕفێندراون، کوژراون یان کراونەتە ئامانج.

هەرچەندە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو توندوتیژییەکانی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام چالاکوانان لایەنی چەکدارە شیعەکان تۆمەتبار دەکەن کە زۆربەیان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دارایی دەکرێن.

ڤۆن کارمۆن کە خۆی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە گوتیشی بەر لە هەڵبژاردنەکان " هەر توندوتیژییەک تەنها دەبێتەهۆی دەستێوەردان و دواجار ڕێگە دەگرێت لە دەنگدەران تا دەنگی خۆیان بدەن."

ئەو گوتیشی دەسەڵاتداران دەبێت " ئەوە مسۆگەر بکەن کە هەمو کاندیدەکان بە تایبەتی کاندیدە ژنەکان، چالاکوانانی سیاسی، ڕۆژنامەوانان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و کارمەندانی هەڵبژاردن بتوانن بە تەواوەتی مافە دیموکراسیەکانیان بە ئازادانە بەر جەستەبکەن."

لەگەڵ ئەوەشدا، بانگەواز بۆ بایکۆتکردنی سندوقی دەنگدان لەم چەند مانگەی دواییدا گەشەی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجە ناڕازییەکانی عێراق کە لایەنەکان تۆمەتبار دەکەن بە ترساندن و کڕینی دەنگی خەڵکی.

نزیکەی 25 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە لەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە 10 ی مانگی 10 ئەنجام بدرێت و تیایدا پەرلەمانی 329 کورسی هەڵدەبژێردرێت.


XS
SM
MD
LG