نێردەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری نوێی ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان کۆبووەوە کە ساڵانێکە یەکێک بوو لە داواکراوترین چەکدارە ئیسلامییەکانی جیهان و ئێستا بەشێکە لەو حکومەتەی تاڵیبان کە هەوڵی چارەسەکردنی قەیرانێکی مرۆیی دەدات.
سوهەیل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " لە کۆبوونەوەکەی نێوان دبورا لیۆنس، نوێنەری نەتەوە کگرتوەکان لە ئەفغانستان و سەراجئەلدین حەقانی سەنگییان خستۆتە سەر هاوکارییە مرۆییەکان.
دەشڵێت حەقانی جەختی لەوە کردەوە کە کارمەندانی UN دەتوانن بەبێ هیچ بەربەستێک کارەکانیان ئەنجام بدەن و هاوکارییەکانیان بگەیەننە گەلی ئەفغانستان ".
ئەفغانستان لە ئێستادا ڕووبەڕووی هەژاری و وشکەساڵیی خراپ بووەتەوە، کاتێکیش تاڵیبان دەسەڵاتیان گرتە دەست لە مانگی ڕابردوودا، ڕەوشەکە بەرەو خراپتر ڕۆشت، لەوانە نەمانی هاوکارییە مرۆییەکان و گواستنەوەی دەیان هەزار کەس لە کارمەندانی حکومەت و کارمەندانی هاوکاری، هەروەها هاوکاتی داڕمانی بەشێکی زۆری ئەو جمجۆڵە ئابووریانەی پشتیان پێ دەبەسترا.
ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا بە کۆنفرانسێکی هاریکاری نێونەتەوەیی ڕاگەیاند " لەوانەیە ئێستا مەترسیدارترین کاتەکان بێت بۆ هاوڵاتیانی ئەفغانستان ".