Accessibility links

زانایان دەڵێن دەرزی سێهەمی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا پێویست نییە


گروپێکی شارەزای ڤاکسینی نێونەتەوەیی دژی ئەوەن دەرزی سێهەمی دژ بە کۆڤید-19 لە خەڵکی ئاسایی بدرێت و ئەمەش بۆچوونێکە دژ بەو هەوڵانەی لە ئەمەریکا و وڵاتانی تر دەدرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دووبارە زیادبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا.

لە نوسراوێکدا کە ڕۆژی دووشەممە لە گۆڤاری تەندروستی The Lancet بڵاو کراوەتەوە، ئەو شارەزایانە دەڵێن لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانە دەریدەخەن کە ڤاکسینەکانی کە ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێن بەردەوامن لە دابینکردنی پاراستنێکی بەهێز لە دژی ڤایرۆسەکە سەرەڕای بوونی جۆری دێڵتای ڤایرۆسەکە. ئەو ڤاکسینانە زۆر کاریگەربوون کە کەمکردنەوەی گرتنی ڤایرۆسەکە بو توندی و مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە.

مشتومڕکردن لەسەر لێدانی دەرزی سێهەمی ڤاکسینی دژ بە کۆڤید-19 لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە لێکۆڵینەوەکانی کە لە ئیسرائیل ئەنجام دراون دەریان خستووە کاریگەرییەکانی دوو بەشی ڤاکسینی فایزەر بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە لە نێو خەڵکی بەساڵاچوودا کە لە سەرەتای ئەم ساڵ دژ بە ڤایرۆسەکە کوترابوون. ئەو زانیاریانە وای کرد کە ئیسرائیل دەستبکات بە دابەشکردنی بەشێکی تری ڤاکسین بۆ کەسانی تەمەن 50 ساڵ و سەروتر.

نوسەرانی بابەتەکە پێشنیازی ئەوە دەکەن ڤاکسینەکان هەمواربکرێنەوە بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ڤایرۆسەکە لە بری ئەوەی دەرزی زیاتر لە خەڵکی بدرێت.

نووسەرەکان بریتین لە دوو زانای پێشەنگ لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئانا ماریا هینۆ ڕیسترپۆ و سۆمییا سوامیناتان و دکتۆر ماریان گرۆبەر و دکتۆر فلیپ کراوس، دوو بەرپرسی سەرەکی لە بەشی پێداچوونەوەی ڤاکسینی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا کە هەردووکیان بەرلە کۆتایی ئەمساڵ پۆستەکانیان کۆتاییپێدێت.

بەم دواییانە ڕۆژنامەوی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند گرۆبەر و کراوس دڵگرانن لە ڕاگەیاندنی ئەم دواییانەی بەڕێوەبەرایەتی بایدن لەسەر دەرزی سێهەم بۆ هەندێک لە ئەمەریکاییەکان لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، بەر لەوەی لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانەوە پێداچوونەوەی تەواوی بۆبکرێت.

لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا نزیکە لەوەی بڕیار لەسەر ڤاکسینی کۆڤید-19 بۆ منداڵانی کەمتر لە 12 ساڵان پەسەند بکات.

لە مانگی ڕابردووشدا هەردوو بەرێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان و نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان پێشنیازی ئەوەیان کرد دەرزی سێهەمی فایزەر یان مۆدێرنا بۆ هەندێک لەو کەسانە پەسەند بکرێت کە سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێسیس بەم دواییانە داوای لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان کرد دەستبەرداری بەشی سێهەمی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بن لە بری ئەوە هەوڵ بدەن وڵاتە هەژارەکان و مامناوەندەکان دەستیان ڕابگات بە ڤاکسینەکان.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن دابینکردنی دەرزی سێهەمی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بۆ ئەو هاووڵاتیانەی تەمەنیان لە 50 ساڵان بەسەرەوەیە بۆ ئەم زستانە ڕابگەیەنێت.

هاوکات بە پێی بەیاننامەیەکی کرملن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن خۆی کەرەنتینە کردووە پاش ئەوەی چەند ئەندامێکی ستافەکەی توشی کۆڤید-19 بوون.

کرملن دەڵێت سەرۆک پوتن ڤایرۆسەکەی نەبووە، بەڵام بڕیاری داوە گەشتەکەی بۆ تاجکستان هەڵبوەشێنێتەوە بە مەبەستی بە شداری کردن لە کۆنفرانسی داهاتووی ئاسایشی. ئەو ڕۆژی دووشەممە چاوی بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد کەوت و کۆبونەوەیەکی تریشی لەگەڵ ئەندامانی تیمی پارالیمپیکی ڕوسیا ئەنجام دا.

پوتن ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنای جۆری سپۆنتیک ڤی لێداوە کە بەرهەمێکی ناوخۆی ڕوسیاییە.

زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد، ڕۆیتەرز و فەڕەنسی وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG