Accessibility links

ڕاکان جبوری و برایەکی، لەنێو یەک لیستدا کاندیدن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق


ڕاکان جبوری
ڕاکان جبوری

ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، خۆی و برایەکی لەسەر لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبی و لە بازنەی حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک، خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە، ئەمەش ئەو گومانەی دروستکردووە، گەر ناوبراو سەرکەوتوو بێت لەهەڵبژاردن، بیەوێت لە پۆستەکەی بەردەوام بێت و براکەی بنێرێتە پەرلەمان.

بازنەی حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک 3 کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە، دوو کورسی بۆ کاندیدە پیاوەکان و کورسیەکەی تر بۆ کاندیدە ژنەکان، لەکاتێکدا 3 کەسایەتی پیاوی عەرەبی بەهێز بۆ ئەو دوو کورسیە ڕکابەری یەکتر دەکەن و دوو ژنە کاندیدی بەهێزیش، ململانێ دەکەن بۆ کورسیە کۆتاکە.

ئەو سێ کاندیدە پیاوە بەهێزەی عەرەبی سونە کە لە بازنەی حەویجە ڕکابەری یەکتری دەکەن، بریتین لە: وەسفی عاسی برای ئەنوەر عاسی سەرۆکی عەشیرەتی عوبێد، ڕاکان جبوری پارێزگاری ئێستای کەرکوک کە وەکو نزیک لە کوتلەی عەزم ی سەربە خەمیس خەنجەر لێیدەڕوانرێت، محەمەد تەمیمی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە، کە سەرکردایەتی کوتلەی هاوپەیمانێتیەکەی محەمەد حەلبوسی دەکات.

دوو کاندیدە ژنە بەهێزەکەش کە ڕکابەری یەکترن لەسەر کورسیە کۆتاکەی بازنەی حەویجە، بریتین لە: ساهیرە جبوری کە سەربە هاوپەیمانێتی پێشکەوتنە، هەروەها تەحریر عوبەیدی، کە کچی ئەحمەد حەسەنی کەسایەتی دیاری ناوچەکەیە و باوکی دوای ڕووخانی بەعس، سەرکردایەتی بەرەی موقاوەمەی کردووە لە دژی هاوپەیمانان.

ئیسماعیل حەدیدی سیاستمەداری دیاری عەرەبی سونە لەکەرکوک، جەختی لەسەر زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا کردەوە، بەوەی کە ڕاکان جبوری و برایەکی لەیەک لیستدا خۆیان کاندیدکردووە، وتی"ئەمە حساباتێکی هەڵەیە، ڕاکان جبوری وایداناوە دەربچێت و لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بمێنێتەوە."

ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقیشدا خۆی کاندیدکرد و دەرچوو، بەڵام نەچووە پەرلەمان و لە پۆستەکەی بەردەوامبوو، بۆیە خۆ کاندیدکردنی لەنێو یەک لیستدا لەگەڵ برایەکی، گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕاکان جبوری و سەهمی برای، پێکەوە و لەنێو لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبی دا، خۆیان کاندید کردووە."

جەختیشیکردەوە"جبوری نیازی وایە، گەر دەریشچێت، لە پۆستی پارێزگار بەردەوام بێت و براکەی لەجێگەی خۆی بنێرێتە پەرلەمان."

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، هەر کاندیدێک گەر توانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ چوونە پەرلەمان و بەهەر هۆکارێک نەیتوانی سوێندی یاسایی بخوات، ئەوا کاندیدێکی تر جێگەی دەگرێتەوە، کەدوای ئەو، زۆرترین دەنگی هێنابێت.

ئیسماعیل حەدیدی وتی"ناکرێت لەنێو لیستێکدا، دوو برا کاندید بن، ئەمە لۆژیکی نییە."

کەرکوک
کەرکوک

لە بازنەی ڕۆژاوای کەرکوک کە حەویجە و دەوروبەری دەگرێتەوە و 3 کورسی بۆ دانراوە، ڕکابەریەکی بەهێز و توند لەنێوان کاندیدە بەهێزە عەرەبەکاندا لەلایەک و لەنێوان هاوپەیمانێتی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانێتی پێشکەوتن بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی لەلاکەی تر هەیە، هەروەها لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، ڕکابەری کەوتووەتە نێوان عەشیرەتی جبور و عوبێد لەو ناوچەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00


XS
SM
MD
LG