زانایان لە ئافریکای باشوور دەڵێن کە جۆرێکی نوێی کۆڤید-19 یان دۆزیوەتەوە.
پەیمانگەی نیشتمانی نەخۆشییە درمەکانی ئەو وڵاتە ڕۆژی دووشەممە لە توێژینەوەیەکی نوێیدا سەبارەت بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە ڕایگەیاند کە ئەو جۆرەی کە بە C.1.2 ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لە ئافریکای باشوور دۆزرایەوە و لەوکاتەوە تا ئێستا لەئافریکا، ئاسیا، ئەوروپا، ناوچە و وڵاتە باشورییەکانی زەریای ئارام بڵاوبووەتەوە.
زانایان دەڵێن کە جیاوازی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە واتە C.1.2 وا دەردەکەوێت کە هەمان تایبەتمەندیان هەبێت کە زووتر بڵاودەبنەوەو لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە خێرایی بڵاودەبنەوە و زیاتر توانستی ئەوەیان هەیە بچنە ناو سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤەوە.
توێژینەوەکە بڵاونەکراوەتەوە و نەخراوتە بەردەم پڕۆسەی پێداچوونەوەی هاوتاکردنەوەی ئاسایی. زانایان دەڵێن کە ئەوان هێشتا چاودێری فراوانی جیاوازی C.1.2 دەکەن، وە ئەو وەک "گۆڕینێکی سەرنجڕاکێش" یان "گۆڕینێک کە بووبێتە مایەی نیگەرانی" گەشەی نەکردووە بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی.
سەنتەری بەڕەنگاربوونەوەی نەخۆشیە درمەکان لە ئەمریکا (CDC) ڕۆژی دووشەممە رایانگەیاند؛ ئەو سێ ڤاکسینەی COVID-19 کە ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بەکاردەهێنرێت هێشتا زۆر کاریگەرن بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشییە سەختەکان.
زانایەکی CDC دکتۆر سارا ئۆلیڤەر بە لیژنەیەکی ڕاوێژکاری ڤاکسینی ڕاگەیاند کە ڤاکسینی کۆڤید-19 لە نێوان مانگی چوار بۆ مانگی حەوت 94٪ کاریگەری هەبووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مانەوەی کەسانی تەمەن 18 بۆ 74 ساڵان لە نەخۆشخانە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە. ئەمەش لەوکاتەدا بوو کە جۆری دەیلتای ڤایرۆسەکە بەتەواوەتی بڵاوبووبۆوە.
هەرچەندە کاریگەری ڤاکسینەکە بۆ کەسانی تەمەن 75 ساڵی بەرەو سەرەوە کەمتربۆتەوە؛ بەڵام هێشتا رێژەکە لە سەرو 80٪ وەیە.
دکتۆر ئۆلیڤەر بە لیژنەکەی گوت پێدەچێت ڤاکسینەکان کەمتر کاریگەریان هەبوبێت لەسەر ڕێگریکردن لە توشبوون یان نەخۆشییە سوکەکان، بەهۆی لاوازبوونی ڤاکسینەکەوە بەپێی تێپەڕبوونی کات و هەمەجۆری ڤایرۆسی دەیلتا کە بە خێرای تەشەنەدەکەن.
لێژنەی ڕاوێژکاری بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا پێشنیاری مۆڵەتدان بە دەرزی سێهەمی ڤاکسینەکانی فایزەر، مۆدێرنا یان جۆنسن و جۆنسن لە ئەمەریکا بدرێت یان نا. بەرێوبەرایەتییەکەی بایدن بەم دواییانە ڕایگەیاند کە دەستدەکات بە پێشکەشکردنی سێهەم دەرزی ڤاکسینی فایزەر یان مۆدیرنا لە دەوروبەری مانگی داهاتوودا. CDC و بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA ) بەم دواییانە پێشنیاری وەرگرتنی دەرزی سێهەمی فایزەر یان مۆدیرنایان کرد بۆ هەندێک کەس کە سیستەمی بەرگریان لاوازە.
ڕۆژی دووشەممە لیژنەکە بە یەکدەنگی دەنگیاندا بە پێشنیارکردنی ڤاکسینی فایزەر بۆ ئەمەریکیەکان کە تەمەنیان لە 16 ساڵ و بەرەو سەرەوەیە.
لە پەرەسەندنێکی دیکەدا ڕۆژی دووشەممە، CDC حەوت شوێنی نوێی زیادکردە سەر لیستی مەترسی سەفەرکردن کە بەرزترین ئاستی مەترسی کۆڤید-19یان تیادایە.
ئازەربایجان، ئیستۆنیا، گوام، مەکەدۆنیای باکوور، ناوچەی پۆرتۆریکۆ سەر بە ئەمریکا، دوورگەی کاریبی سانت لویس و سویس لە ریزبەندی ئاستی پلە 4 دان، ئەمەش نیشانی دەدات کە مەترسیی "زۆر بەرز"ی کۆڤید-19 هەیە، CDCدەڵێت پێویستە خەڵک دووربکەونەوە لە گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانە، ئامۆژگاریشیان دەکات بەوەی کە هەر کەسێک گەشت دەکات بۆ ئەو شوێنانە پێویستە بەتەواوی ڤاکسینی وەرگرتبێت.
ڕۆژی سێشەممە لە نیوزیلاند، بەرپرسانی تەندروستی رایانگەیاند کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەواڵی دابەزینێکی دیکەی کەیسی نوێی کۆڤید-19یان تۆمارکردووە، لەوکاتەوەی سەرۆک وەزیران "جاسیندا ئاردیرن" قەدەغەی هاتوچۆکردنی لەو وڵاتەدا بە توندی سەپاندووە؛ وەزارەتی تەندروستی ڕۆژی سێشەممە 49 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاندوە، ڕۆژی دووشەممە 53 حاڵەتی و ڕۆژی یەکشەممە 83 حاڵەتی نوێیان بڵاوکراوەتەوە.
ئاردرن لە 17ی ئەم مانگەدا قەدەغەی هاتوچۆی لەتەواوی وڵاتەکدا راگەیاند دوا بەدوای ئەوەی پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ لە ئۆکلاند بوو بە یەکەم کەس لە مانگی دووەوە تا ئەوکاتە تاقیکردنەوەکەی ئەرێنی دەرچووە کە توشی کۆڤید-19 بووە. بەپێی داتاکانی ئاژانسی رۆیتەرز لەو کاتەوە نزیکەی 612 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و ئۆکلاندیش 597 حاڵەتی تۆمارکردووە و 15 حاڵەتیش لە وێڵینگتۆنی پایتەخت تۆمارکراوە.
هەندێک لە زانیارییەکانی ئەم راپۆرتە لە ئاژانسی رۆیتەرزەوە وەگیراوە.