Accessibility links

لەشکری ئەمەریکا دەڵێت یەک هێرشبەر تەقینەوەکانی کابوڵی ئەنجامداوە


ڕۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، یەک هێرشبەری خۆکوژ، نەک دووان وەکو پێشتر بڕوا دەکرا، هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی کابوڵی ئافغانستانی ئەنجام داوە. لەو هێرشەدا زیاتر لە 100 کەس کوژران لە ناویاندا چەند سەربازێکی ئەمەریکایش.

ژەنەڕاڵی هێزی ئەمەریکا هانک تەیەلەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران لە پەنتاگۆن گوتی " شتێکی چاوەڕوان نەکراو نییە کە هەندێکجار لە ڕەوشێکی وەهادا زانیارییەکان بەهەڵە بڵاوببنەوە."

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لەبەردەم فڕۆکەخانەی کابوڵ جارێکی تر قەرەباڵغی دەستیپێکردەوە لە کاتێکدا گەشتەکان بۆ گواستنەوەی خەڵکەکە دەستیانپێکرایەوە کەمتر لە ڕۆژێک پاش تەقینەوە خۆکوژییەکە.

ڕۆژنامەی Wall street journal ڕایگەیاندووە خەڵکەکە پاش نیوەڕۆی هەینی جارێکی تر بڵاوەیان کرد کاتێک دەنگۆی هێرشێکی تر بڵاوبوویەوە.

پەیامنێرێکی دەنگی ئەمەریکا کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی سەردانی ناوچەکەی کرد، گوتی شەقامەکان زۆربەی چۆڵ بوون و هێزەکانی تاڵیبان ڕێگاکانیان بەرەو شەقامەکانی دەروبەری فڕۆکەخانە گرتبوو.

چەکدارانی تاڵیبان
چەکدارانی تاڵیبان

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی پاژۆکی ئەفغانستان، لە هێرشەکەدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە لە نێویاندا 13 سەربازی ئەمەریکاییش.

گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە کەناڵی تیلگرامی خۆیەوە چەند کاتژمێرێک پاش ڕووداوەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

XS
SM
MD
LG