Accessibility links

بایدن هۆشیاری دەداتە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی کابوڵ


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی ئەمەریکا تۆڵە لەوانە دەکاتەوە کە بەرپرس بوون لە تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ و وتی داوای لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کردووە پلانێک دابڕێژێت بۆ وەڵامدانەوەیان.

لێدوانەکانی بایدن چەند کاتژمێرێک دوای هێرشە خۆکوژییەکانی چەکدارانی داعش هات لە فڕۆکەخانەی کابوڵ کە تیایدا 85 کەس کوژران و 13 سەربازی ئەمەریکی لەنێو کوژراوەکاندا بوون.

ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان و پاکستان کە پێشتر دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا شەڕیکردووە، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕاگەیاند.

بایدن لە کۆشکی سپی وتی " لەبیری ناکەین، لێتان خۆش نابین. دەتاندۆزینەوە و دەبێت باجەکەی بدەن."

بەڵێنیشیدا گواستنەوەی هاوڵاتیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ بەردەوام بێت.

وتی " ڕێگە نادەین تیرۆریستان دوورمان بخەنەوە لە ئەرکەکانمان. ڕێگەیان نادەین ئەرکەکانمان ڕابگرن. بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی هاوڵاتیان."

بایدن وتی داوای لە فەرماندەکانی سوپای ئەمەریکا کردووە پلانی ئەرکێک دابنێن بۆ لێدانی ڕابەران و دامەزراوە و چەکدارانی ڕێکخراوی داعشی ئەفغانستان و پاکستان، وتی " خۆمان ڕێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ لەناوبردنیان، بەبێ ئەرکێکی سەربازی گەورە."

بایدن بە دەنگێکی خەمبارەوە قسەی دەکرد کاتێک باسی لەو " پاڵەوانە " ئەمەریکیانە کرد کە کوژراون. فەرمانیکرد ئاڵاکانی سەر کۆشکی سپی و باڵەخانە گشتیەکانی سەرانسەری وڵاتەکە بۆ نیوە نزم بکرێتەوە، وتی " ئەمڕۆ ڕۆژێکی سەخت بوو."

سەرۆک وتی بە سوپای ئەمەریکای وتووە " هەرچیەکتان پێویستە، ئەگەر پێویستتان بە هێزی زیاترە ئەوا مۆڵەتتان پێدەدەم."

بایدن بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەدا لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسە لەوەی ڕوودەدات. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو هەندێک لە بەرپرسیارێتیەکان لەسەر شانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپە کە لە ساڵی 2020 دا لەگەڵ تاڵیباندا ڕێکەوت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.

وتی متمانەی بە تاڵیبان نەکردووە بەڵام لە بەرژەوەندی تاڵیبانە ڕێگە بدات گواستنەوەی هاوڵاتیان بەردەوام بێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی ئەمەریکا " کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری هەیە بەسەر تاڵیبانەوە، کە لەژێر سزاکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکاندان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG