Accessibility links

سەرباری ڕێژەی زۆری کوتانی دژ بە کۆرۆنا لە ئەمەریکا، ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە بەرزبوونەوەدایە


ژمارەی ئەو ئەمەریکاییانەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆیان دەکوتن تا دێت زیاتر دەبێت، بەڵام ڤایرۆسەکە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەتا ئێستا زیاتر لە 365 ملیۆن بەشە ڤاکسینی دابەشکردووە و نزیکەی 203 ملیۆن کەس بەلایەنی کەم یەک دەرزی کۆرۆنایان وەرگرتووە و زیاتر لە 172 ملیۆن کەسیش هەردوو بەشەی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراونەتەوە، %61.1 ئەمەریکاییەکان بەلایەنی کەم بەشێکی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و %51.9 ی ئەمەریکاییەکان بە تەواوەتی دژی کۆڤید-19 کوتراون.

کەسانی تەمەن 65 ساڵان و سەروتر لە هەمو چینێک زیاتر ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و %91.7 یان بەلایەنی کەم یەک بەشی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و %81.4 یشیان بە تەواوەتی دژ بە ڤایرۆسەکە کوتراون.

سەرباری ڕێژەی زۆری کوتانەکان، چەندین ویلایەتی ئەمەریکا بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆڤید-19 و مانەوەی خەڵکی لە نەخۆشخانە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ڕادەگەیەنن. ویلایەتەکانی تێکساس و کەنتاکی لە نێو ئەو ویلایەتانەن کە حاڵەتەکان تیایدا زیادیان کردووە.

ئەرکەنسا، فلۆریدا، لیوزیانا، هەوایی، مسسیپی و ئۆریگەن زۆرترین ڕێژەی ئەوانە تۆماردەکەن کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە پێویستی کردووە لە نەخۆشخانە بمێننەوە.

دکتۆر پاول ئۆفیت ئەندامی کۆمیتەی ڕاوێژکاری ڤاکسین لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا ڕۆژی چەوارشەممە بە کەناڵی CNN ی ڕاگەیاند " ژمارەکان لە ڕاستیدا ئێستا لە زۆر ڕووەوە لە مانگی هەشتی ڕابردوو خراپترە، مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو، دانیشتوان هەمووی لە مەترسیدا بوون چونکە ڤاکسینمان نەبوو، ئێستا نیوەی وڵاتەکە ڤاکسینی وەرگرتووە کەچی ژمارەکان خراپترن."

ئەو گوتیشی " جۆری دێڵتای ڤایرۆسەکە ڕەوشەکەی گۆڕی."

یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تێکساس زۆرترین حاڵەتی منداڵانی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

دکتۆر جیم فەرسەلۆڤیچ پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی تێکساس بە کەناڵی CNN ڕاگەیاند "ئێمە گەیشتوینەتە ئاستێکی بێپێشینە لە حاڵەتەکانی دێڵتادا".

گوتیشی " لە سەرتای مانگی یەکی 2021 لە دەمی بەرزترین ئاستدا گەیشتینە 900 حاڵەت لە هەفتەیەکدا، ئەوە بەرزبوونەوەی زستانیش بوو، ئێستا ئێمە لە هەفتەیەکدا 1،300 حاڵەتمان تێپەڕاندووە."

مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕۆژانە زیاترە لە 1،100 کەس ئەمەش بەرزترین ئاستە لەوەتای ناوەڕاستی مانگی سێوە.

XS
SM
MD
LG