Accessibility links

چوار سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشەکەی کابوڵی ئەفغانستان دەکوژرێن


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکایی لە " هێرشە ئاڵۆزەکانی" دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵدا کوژراون، لەو شوێنەی هەزاران کەس کۆببونەوە تا بتوانن لەو وڵاتە دەربچن پاش ئەوەی تاڵیبان دەستیبەسەردا گرتووە.

سەرچاوەیەکی زانیاری بە کارلا بابی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە بەلایەنی کەم 4 ئەمەریکایی لەو هێرشانە دا کوژراون.

جۆن کێربی گوتەبێژی پەنتاگۆن ڕایگەیاند " ژمارەیەکی تریش" بریندار بوون و لە ژێر چارەسەردان.

گوتەبێژێکی تاڵیبان هێرشەکەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند 13 کەس کوژراون و 52 کەسیش بریندار بوون، بەڵام سەرچاوە هەواڵییەکانی نێو ئەفغانستان ئاماژە بە ژمارەیەکی زیاتر دەکەن.

جۆن کێربی پێشتریش لە تویتێکدا نووسیویەتی دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە تەقینەوەیەک لە نزیک دەروازەی ئابی فڕۆکەخانەکە بووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەمەریکایی و خەڵکی سیڤیل پـێوەبوون. هەروەها بە لایەنی کەم تەقینەوەیەکی دیکە لە هوتێل بارۆنی نزیک هەمان دەروازە ڕووی‌داوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەرگرتووەتە ئەستۆ بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد لە زاری کاربەدەستێکی ئەمەریکاوە دەڵێت بڕوا دەکرێت هێڕشەکە لەلایەن گروپەکانی سەر بە داعش لە ئەفغانستان ئەنجام درابێت.

XS
SM
MD
LG