Accessibility links

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک لە قۆناغێکی مەترسیداردایە


لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕێژەی توشبوون و مردن بە هۆی کۆڤید-19 لە دهۆک لەسەر ئاستی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا زۆرترینە و بە پێی ڕاپۆرتی تەندروستی عێراق لەو ماوەیەدا 12 نەخۆش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە و 1517 حاڵەتی نوێش تۆمار کراوە.

ئەو ڕێژە زۆرەی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی مەترسییەکی گەورە بۆیە ژووری بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-19 لە پارێزگای دهۆک تیمی گەڕۆکی دروستکردووە تا ڕۆژانە پشکنین ئەنجام بدەن و دەچنە بازاڕەکان بۆ پێدانی ڕێنماییە تەندروستییەکان بە خەڵکی و دوکاندارەکان.

سەرۆکی لیژنەیناوچەکانی دهۆک یوسف محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پاش زیادبوونی کۆرۆنا بەم شێوەیە لە پارێزگاکە ئێمە خەڵکیمان ئاگادار کردووەتەوە دەمامک بپێچن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. بڕیار دراوە هەر کەسێک بەبێ دەمامک بچێتە هەر شوێنێک ئەوا ئەو شوێنە دادەخرێت."

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک داوا لە هاووڵاتیان دەکات خۆیان بپارێزن و هاوکاری تیمەکانی تەندروستی بکەن، لەم بارەیەوە دکتۆر ئاراس مستەفا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " گرنگترین شت دەمامک پێچانە و سەردانەی ئەو بنکانەش بکەن کە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایان هەیە."

سەبارەت بە ڕێژەی ڤاکسین و چۆنیەتی کاردانەوەی هاووڵاتیان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین حەمزە محەمەد عەلی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک دەڵێت " هەتا ئێستا لە پارێزگای دهۆک 103 هەزارو 320 ژەمە ڤاکسین لێدراوە." ئەو ئاشکراشی کرد لە سەرەتاوە خەڵکی زۆر هەوڵی وەرگرتنی ڤاکسینیان نەدەدا بەڵام پاش شەپۆلی سێهەم و مەترسییە زۆرەکانی ڤایرۆسەکە ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 400 هەزار کەس سەردانی بنکەکان دەکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.

لە نێوەندی پارێزگای دهۆک حەوت بنکەی ڤاکسین هەیە و ڕۆژی سێشەممە تەرخان کراوە بۆ مامۆستایان و ڕۆژی شەممە بۆ فەرمانبەران و ڕۆژەکانی تریش بۆ هەموو هاووڵاتیان تا خۆیان دژ بەم ڤایرۆسە کوشندەیە بکوتن.

XS
SM
MD
LG