Accessibility links

لە کابوڵ مەڕاسیمێک بۆ کشانەوەی ئەمەریکا دەکرێت


ژەنەراڵ ئۆستن میللەر
ژەنەراڵ ئۆستن میللەر

گەورە سەرکردەی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا لە پایتەختی وڵاتەکەدا دەستبەرداری سەرکردایەتییەکەی خۆی بوو، ئەمەش دواترین بۆنەی سیمبۆڵی بوو بۆ کۆتاییهێنان بە درێژخایەنترین شەڕی ئەمەریکا.

لەم کاتەدا کە تاڵیبان، هەروادێ و پێشڕەویی زیاتر دەکات لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، ژەنەراڵ ئۆستن میللەر، کە پلە باڵاترین ئەفسەری ئەمەریکایە لە ئەفغانستان، سەرکردایەتی داوەتە دەست ژەنەراڵ کینیث مەککێنزی.
ژەنەراڵ میللەر، لە ساڵی 2018وە لە ئەفغانستانە، بەڵام لە مانگی 5ی ئەمساڵدا، لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکاوە کە سەرکردەی هێزە لەشکرییەکانی ئەمەریکاشە، بەرپرسیارێتی ڕێکخستنی دوا کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکای پێسپێردرا و دەشبێت ئەو کشانەوەیە لە کۆتایی مانگی هەشتدا تەواو بکرێت.
لەوەتای مانگی 5ەوە زۆربەی ئەو 2500 سەربازەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان مابوونەوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە و ئەمەریکا بنکەی ئاسمانی باگرامیشی داوەتەوە دەست هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان.
هێزەکانی هاوپەیمانان،لە 20 ساڵی ڕابردوودا لەو بنکەیەوە هێرشەکانی خۆیان دەکردە سەر تاڵیبان و سەر جیهادییەکانی تر لە ئەفغانستاندا.

وەها چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 650 سەربازی ئەمەریکایی لە کابوڵ بمێننەوە بۆ پاراستنی باڵەخانە دیپلۆماتییەکانی واشنتۆن لە کابوڵ، ئەو جێیەی ئەمڕۆ دووشەممە مەڕاسیمەکەی تیادا کرابوو.

گەورە کاربەدەستان و ئەفسەرانی ئەفغانستان بەشدارییان لەو مەڕاسیمەدا کردبوو لەناو ناوچەی سەوزی کابوڵدا کە بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.

XS
SM
MD
LG