Accessibility links

ژنێکی وەرگێڕی ئەمەریکا بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ حزبوڵا بڕیاری سزای 23 ساڵ زیندانی بۆدەردەچێت


ڕۆژی چوارشەممە وەرگێڕێکی پەنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا)سزای 23 ساڵ زیندانیکردن درا بە هۆی ئەوەی ناوی چەند کەسێکی سەرچاوی زانیاری ئەمەریکای لە عێراق داوە بە کەسێکی سەر بە حزبوڵای لوبنان.

مەریەم تەها تۆمپسۆنی تەمەن 62 ساڵان، کە پێشتر لە شاری ڕۆچستەری میناسۆتا بوو، بە 23 ساڵ زیندانی کردن سزا درا بەهۆی گواستنەوەی زانیاری نهێنی بەرگری نیشتمانی بۆ یارمەتیدانی حکومەتێکی بیانی.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت لە کاتێکدا کە لە 26 ی مانگی 3 دانی بە تاوانەکەیدا نابوو تۆمپسۆن دانی بەوەشدا نابوو کە لەو بڕوایەدا بووە ئەو زانیارییە نهێنیانەی بەرگری کە دابوونی بە کەسێکی لوبنانی دەدرێت بە گروپی حزبوڵای لوبنان، کە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دەستنیشان کراوە.

یاریدەدەری وەزیری داد لە بەشی ئاسایشی نیشتمانی وەزارەتەکە جۆن سی دیمەرس دەڵێت " سزاکەی تۆمپسۆن گوزارشت لە ڕژدی سەرپێچیکردنەکەی دەکات لە متمانەی خەڵکی ئەمەریکا، لە سەرچاوە مرۆییەکانی کە ئەو مەترسی خستوونەتە سەر و ئەو هێزانەی کە لەگەڵیا کاریان کردووە وەکو هاوڕێ و هاوکار."

ئەو دەشڵێت " تۆمپسۆن نهێنی هەستیاری نیشتمانی ئێمەی داوە بە کەسێک کە زانیویەتی پەیوەندی بە حزبوڵای لوبنانەوە هەیە، ئەمەش خیانەتەکەی زیاتر دەکات.

بەپێی بەڵگەکانی دادگا، تۆمپسۆن وەکو وەرگێڕێکی گرێبەست بۆ لەشکری ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات کاری کردووە کە ئەمەش پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەی زۆر ورد لەسەر ڕابردووی کراوە.

تۆمپسۆن دانی بەوەداناوە لە سەرتای ساڵی 2017، پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسەی کە هاوپیلانگێڕی بووەو ناوی ئاشکرا نەکراوە، بەستووە و پەیوەندییەکەی بە ڕێگای تایبەتمەندی ڤیدیۆو تێکستی پارێزراو و نامەی دەنگی بووە. بە تێپەڕبوونی کات تۆمپسۆن پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئەو کەسەدا دروست کردووە. ئەوەشی زانیوە کە خزمێکی ئەو کەسە لە وەزارەتی ناوخۆی لوبنان کاری کردووە و کەسەکە گوتوشیەتی تەلەفۆنێکی لەلایەن حەسەن نەسروڵای سکرتێری گشتی حزبوڵاوە بۆ کراوە.

لە مانگی 12ی 2019 دا لە کاتێکدا تۆمپسۆن لەگەڵ هێزێکی ئەرکی کاری تایبەت لە عێراق دەستنیشان کرابوو، ئەمەریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە عێراق دەستپێکرد کە تایدا کەتائیب حزبوڵڵای، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانیی سەر بە ئێرانی، کردە ئامانج. لە میانەی ئەم هێرشانەش بوو کە لە 3 ی مانگی 1ی ساڵی 2020 سەرکردەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی و دامەزرێنەری کەتائیب حزبوڵا ئەبو مەهدی موهەندیس کوژران.

پاش کوشتنەکەی سولەیمانی، ئەو کەسە داوای لە تۆمپسۆن کردووە زانیاری ئەو کەسانە بدات "بەوان" کە هاوکاری ئەمەریکایان کردووە بۆ بەئامانجکردنی سولەیمانی. تامپسۆن دانی بەوەدا ناوە کە کاتێک ئەو کەسە گوتویەتی "ئەوان" ئەم تێگەیشتووەکە حیزبوڵای لوبنانی بێت، لەناویاندا فەرماندەیەکی سەربازی پلە بەرزی ناونەبراو.

پاش ئەوەی لە سەرەتای مانگی 1 ی ساڵی 2020 ئەم داوایە لە تۆمپسۆن دەستیپێکرد، ئەویش دەستی کرد بە دەستبردن بۆ دەیان فایلی سەرچاوە نهێنییەکان لە ناویاندا ناوە ڕاستەقینەکان، زانیارییەکانی ناسنامەکان، زانیاری لەسەر ڕابردووی کەسەکان و وێنەی ئەم سەرچاوە مرۆییانە. تۆمپسۆن چەندین جۆری تەکنیکی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ ئەو هاوپیلانگێڕەی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ئەویش پێی گوتبوو پەیوەندییەکانی بەو زانیاریانە دڵخۆشن و سەرکردە لەشکرییەکەی حزبوڵای لوبنان خواستوویەتی چاوی بە تۆمپسۆن بکەوێت کاتێک بڕوات بۆ لوبنان.

تا ئەو کاتەی تۆمپسۆن لە 27 ی 2ی ساڵی 2020 لەلایەن FBI وە دەستگیر کرا، ئەو بەبەکارهێنانی توانایی بۆ گەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی بەرگری زانیاری بەلایەنی کەم 8 سەرچاوەی مرۆیی، بەلایەنی کەم 10 ئامانجی ئەمەریکا و چەندین تاکتیک و تەکنیک و پرۆسەی بۆ ئەو کەسە ئاشکرا کردبوو.

وەزارەتی داد لە ڕاپۆرتەکەیدا دەشڵێت تۆمپسۆن هەموو هۆکارێکی هەبووە کە بزانێت ئەو زانیاریانەی کە ئاشکرای دەکات زانیاری نهێنی بەرگرین و دەشێت بەکاربێن بۆ بریندارکردنی ئەمەریکا و پێشکەوتنی حزبوڵای لوبنان.

بە پێی ڕاپۆرێکی دەنگی ئەمەریکا کە لەلایەن مەسعود فەریڤەر نوسراوە، تۆمپسۆن کە خۆی بە ڕەچەڵەک خەڵکی لوبنان بووە لە ساڵی 2006وە وەکو وەرگێڕ و ڕاوێژکاری کولتوری لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان کاری کردووە، پاشانیش جارێکی تر گەڕاوەتەوە بۆ عێڕاق. هەمو ئەم کارانەی لە ڕێگای کۆمپانیاکانی بەڵێنداری بنکە لە ئەمەریکاوە بەدەستهێناوە. ژەنەڕاڵ دەیڤد پاتریۆس سەرکردەی ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمەریاک لە ئەفغانستان لە نامەیەکی ستایشکردندا لە ساڵی 2010 لە سەر پەیجی لینکدلنی تۆمپسۆن نوسیبووی لەماوەی زیاتر لەسێ ساڵی کارکردنی عێراقدا لەساڵانی 2000 دا ، بەشداری لە "سەدان خولی جەنگیدا کرد بۆ یارمەتیدانی سەرکردەکانی هاوپەیمانان بۆ پەیوەدنی کردن لەگەڵ سەرکردە سەرەکیەکانی عێراقدا".

بە پێی زانیارییەکانی ئەژماری لینکدلن لە ساڵی 2016 وە تۆمپسۆن بۆ کۆمپانیایWorldwide Language Services وەکو " شارەزای زمانی عەرەبی" لەگەڵ هێزی تایبەتی ئەمەریکا لە سوریا کاری کردووە.

XS
SM
MD
LG