بە دەستنیشانکردنی رەئیسی وەک سەرۆکی نوێی ئێران ئایا ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لەئێراندا ڕووبدات یاخود تەواوکەری ئەوسیاسەتە دەبێت لەئیستادا پەیڕەو دەکرێت؟
ئایا سەرۆکی نوێی ئێران رەئیسی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەمان ڕەوتی ڕۆحانی دەگرێتە بەر یاخود گۆڕانکاری لەبەرچاو دەبینین؟.
بەرێز عەبدوڵا حیجاب شارەزای کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت "هەڵبژاردنی رەئیسی ئێران بەرەو تاریکیەکی زیاتر ڕادەکێشێت، رەئیسی ڕابردوویەکی چڵکنتری لە سەرۆک ڕۆحانی هەیە و خراپتر دەبێت".
بەڕێز حیجاب لەگفتووگۆکەیدا بۆ دەنگی ئەمریکا دەڵێت "خراپی رەئیسی لە مافی مرۆڤدایە و کەسانێک لە ڕیزی خۆی نەبێت بەکەسانی پلە 2 تەماشا دەکات، ئەگەریش هەیە سەرکووتکردن زیاتر بێت".
هەروەها دەڵێت "رەئیسی لەسەر کردارەکانی پێشتری بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی کردویەتی هەڵوێستی نەبوە".
بەرێز حیجاب پێیوایە لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا کەمتربوە ئەگەری هەیە دەسەڵاتی رەئیسی کاردانەوەی سەرکووتکردنی زیاتر بێت.
سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی رەئیسی بەرامبەر بە گەلانی ناوچەکە، پێشبینی دەکات تووندتر بێت، لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیش مامەڵەکردنی بەباشتر نابینێت.
دەربارەی ئەگەری گۆڕانکاری دەڵێت "ئەوی ئەگەری هەیە ببێتە سەرەتای گۆڕانکاری بوێریی خەڵکە و پیشبڕکێی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆک کۆماری نوێ بەشێوەیەک پەردەی لەسەر تاوانەکانی رەئیسی و سەرجەم کاربەدەستەکانی ڕژێم هەڵدایەوە کە زەحمەتە رەئیسی ئەو قورسایییەی هەبێت کە سەرۆک کۆمارەکانی پێشتر لەناو کۆمەڵگادا هەیانبوو، بۆیە ئەگەری هەیە خەڵکی هەڵوێستی خۆیان دەربڕن و ڕخنەگرتن لە سیاسەتی ڕژێم زیاتر دەبێت".