Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەکی ئیسرائیلی شیانی بوونی پەیوەندی لە نێوان ڤاکسینی فایزەر و هەوکردنی ماسوڵکەی دڵ ڕادەگەیەنێت


وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ژمارەیەکی کەمی حاڵەتی هەوکردنی دڵ تێبینی کراوە کە بۆی هەیە پەیوەندی بە ڤاکسینی فایزەری دژ بە کۆڤید-19 وە هەبێت و بە شێوەیەکی سەرەکیش ئەم حاڵەتە کەمە لە نێو پیاوانی گەنج دەرکەوتووە.

کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەر ڕایگەیاندووە تێبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی زیاتریئەو حاڵتەی کە بە هەوکردنی ماسولکەی دڵ ناسراوە نەکردووە، بە شێوەیەک کە زیاتر بێت لەو ڕێژەیەی بە ئاسایی لە ژمارەی دانیشتواندا چاوەڕوان دەکرێت.

وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ئاشکرا کرد و دەڵێت لە ئیسرائیل 275 حاڵەتی هەوکردنی ماسولکەی دڵ لە نێوان مانگی دوازدەی2020 تا مانگی پێنجی2021 لە نێو زیاتر لە 5 ملیۆن کەسی کە ڤاکسینەکەیان لێدراوە، دەرکەوتووە.

ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە وەزارەتەکە دەڵێت لەلایەن سێ تیمی پسپۆڕەوە ئەنجام دراوە دەریشی دەخات، زۆربەی ئەو کەسانەی کە توشی حاڵەتی هەوکردنی دڵ بوون زیاتر لە 4 ڕۆژیان لە نەخۆشخانە بەسەر نەبردووە و %95 ی حاڵەتەکان بە هەوکردنێکی کەم مەزەندە کراوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت لێکۆڵینەوەکە دەریشی خستووە " شیانی پەیوەندی لە نێوان بەشی دووهەمی ڤاکسینەکەی فایزەر و ئەو جۆرە حاڵەتە لە نێوان پیاوانی تەمەن 16 بۆ 30 ساڵ هەیە."

فایزەر لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت ئاگاداری ئەوەیە کە ئیسرائیلییەکان ئەو جۆرە حاڵەتەیان بەدی کردووە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات هیچ هۆکارێک نییە بیسەلمێنێت کە ئەو حاڵەتە پەیوەندی بە ڤاکسینەکەوە هەیە.

هەروەها وتویشی، ڕووداوە خراپەکان بە تەواوی پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و فایزەر بە بەردەوامی لەگەڵ بەشی سەلامەتی ڤاکسینی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل کۆدەبێتەوه بۆ پێداچوونەوە بە زانیارییەکاندا.

گروپێکی ڕاوێژکاری نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان(CDC) لە مانگی ڕابردوو پێشنیازی لێکۆڵینەوەی زیاتری کرد لەمەڕ شیانی پەیوەندی هەوکردنی ماسوڵکەی دڵ لەگەڵ ڤاکسینەکان، کە بریتییە لە ڤاکسینەکانی فایزەرو مۆدێرناش.

سیستمی چاودێری CDCحاڵەتی زیاتری لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا لە نێوا دانیشتواندا تێبینی نەکردووە، بەڵام گروپی ڕاوێژکاری لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ئەندامەکانی گروپەکە هەستیان بەوە کردووە پێویستە تیمەکانی تەندروستی ئاگادار بکرێنەوە کە چاودێری حاڵەتی لەو جۆرە بکەن.

XS
SM
MD
LG